لە هەڵەبجە، بە ئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، بینای نوێی ڕێکخراوی “یانەی سیاچەمانە” کرایەوە، کە بە هاوکاریی خێرخوازان و وەزارەت دابینکراوە و دەبێتە ناوەندێکی نوێی کولتووری و هونەری لە شارەکەدا.
بینا نوێیەکە، کە دەکەوێتە شوێنێکی گونجاوی شارەکەوە، بە ئامانجی بوژاندنەوەی زیاتری ژیانی کولتووری و پێشکەشکردنی خزمەت بە هونەری ڕەسەن و فۆلکلۆری ناوچەکە تەرخانکراوە.
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، لە وتارێکدا سوپاسی ئەو کەسایەتی و خێرخوازانەی کرد کە ڕۆڵیان لە کڕینی بیناکەدا هەبووە و گوتی: “هیوادارین یانەی سیاچەمانە ببێتە سەکۆیەکی گرنگ بۆ خزمەتکردنی کولتووری دێرین و هونەری ڕەسەنی کوردەواری”.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش بەو کەسایەتییانە کرد کە بەشدارییان لەم هەنگاوەدا کردبوو.

