ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی دابەزین بوونەوە و نرخەکان لەسەر ئاستی جیهانی و بازاڕەکانی ناوخۆدا پاشەکشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینی.
لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە شێوەیەکی خێرا دابەزی بۆ 4,064.02 دۆلار، یەک کیلۆگرام کەمبووەوە بۆ 130,661.28 دۆلار و یەک گرامیش لەسەر 130.66 دۆلار جێگیر بوو.
هاوکات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نوێترین نرخەکانی سەندیکای زێڕنگران، بەهای عەیارەکان نزمبوونەوەی زیاتریان تۆمارکرد و عەیارەی 21 چووەوە ژێر هێڵی 900 هەزار دینار؛ عەیارەی 22 دابەزی بۆ 938,484 دینار، عەیارەی 21 پاشەکشەی کرد بۆ 895,826 دینار و عەیارەی 18ـیش گەیشتە 767,850 دینار.
لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی زیویش هاوشێوەی زێڕ لەژێر فشاری توندی دابەزیندایە، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو هاتووەتە خوارەوە بۆ 57.97 دۆلار، هەر کیلۆگرامێک بە 1,863.71 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 1.86 دۆلار جێگیر بووە.
شروڤەکارانی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم پاشەکشە خێرایەی نرخەکان پەیوەستە بە گۆڕانکارییە نوێیەکانی بەهای دۆلار و نوێبوونەوەی چاوەڕوانییەکانی وەبەرهێنەران بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا فیدراڵ ڕیزێرف، کە وایکردووە هێز لە بازاڕی کانزا گرانبەهاکان کەم ببێتەوە.

