zagros news agency

یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی سووریا بەڕێوەچوو

‎
‎ئەمڕۆ یەکشەممە 12-7-2026 ئەنجومەنی گەلی
‎ سووریا (پەرلەمان) یەکەم دانیشتنی فەرمی خۆی بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری وڵاتەکە دەستپێکرد.
‎
‎بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی “سانا”، دانیشتنەکە لەلایەن محەمەد تەها ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە کرایەوە و تێیدا ئەندامانی نوێی پەرلەمان لەبەردەم سەرۆککۆماردا سوێندی یاساییان خوارد.
‎ئەم کۆبوونەوەیە وەک وێستگەیەکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژووی هاوچەرخی سووریادا دادەنرێت، چونکە یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، کە لەسەر بنەمای ڕێوشوێنە یاسایی و دەستوورییەکانی بەیاننامەی ساڵی 2025 بەڕێوەدەچێت.
‎
‎ ئەحمەد شەرع لە گوتارێکدا جەختی لە گرنگی تەبایی، ڕێککەوتن و قبوڵکردنی یەکتر کردەوە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکان و بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییەکانی گەل. ڕاشیگەیاند کە سووریا بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت بۆ بنیاتنانەوەی نیشتمان و تاکی سووری، پەرلەمانیشی وەک سەکۆیەک بۆ ماف، دادپەروەری و چەسپاندنی کولتووری گفتوگۆ و سەروەری یاسا وەسف کرد.
‎
‎ لە کۆتایی پەیامەکەشیدا داوای لە هەمووان کرد پێکەوە کار بکەن بۆ دروستکردنی مێژوویەکی نوێ کە ڕەنگدانەوەی بەها و شارستانییەتی وڵاتەکە بێت.
‎
‎لەلایەکی دیکەوە، محەمەد تەها ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان، ئەم ڕۆژەی بە وەرچەرخانێکی گرنگ ناوبرد کە تێیدا سووریا سەرکەوتووانە تۆزی شەڕی لەسەر خۆی تکاندووە و وەک وەفادارییەک بۆ قوربانییەکانی گەلی سووریا خەریکی داڕشتنەوەی پاشەڕۆژی خۆیەتی.
‎
‎لە هەمان کاتدا، ئوسامە عەساف وەک بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان، داوای لە لیژنەی یاسایی کاتی کرد کە ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بگرنەبەر بە مەبەستی دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتی نوێی ئەنجومەنی گەل.
‎

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕۆژنامەی جەدید: گروپە چەکدارەکانی عێراق لە دۆخێکی ناهەموار دان

یاسین

ئەڵمانیا پڕۆژەیاسای خزمەتی سەربازیی خۆبەخشانەی پەسەند کرد

سەڵاح

نرخی زێڕ لە هەلکشانە

سەڵاح