وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی دووشەممە لە بروکسل، پرسی “سەپاندنی قەدەغەی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانەی لە کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل بەرهەم دەهێنرێن” تاوتوێ دەکەن. ئەم هەنگاوە دوای گوشاری ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندام خراوەتە ڕوو.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، لە دەسپێکی ئەم کۆبوونەوەیەدا گوتی: «هەمووان لەسەر ئەوە هاوڕان دۆخی کەناری ڕۆژاوا بەڕاستی بەرگەنەگیراوە.» ئەو ئاماژەی بەوەش دا ئەوەی لە کەناری ڕۆژاوادا ڕوو دەدات، جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەختتر و تەنانەت مەحاڵیش دەکات.
چەند وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا وەک ئێرلەندا، هۆڵەندا و ئیسپانیا، پێشتر سنووردارکردنی بازرگانییان بەرانبەر نیشتەجێگەکانی ئیسرائیل جێبەجێ کردووە. زۆربەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم نیشتەجێگانە بە “نایاسایی” دادەنێن.
کالاس ئاماژەی بە داواکاریی وڵاتانی ئەندام بۆ هەنگاونان لە ئاستی یەکێتیی ئەورووپادا کرد و گوتی: «داواکارییەکی زۆر بۆ قەدەغەکردنی بازرگانی لەگەڵ نیشتەجێگە نایاسایییەکان هەیە. پێویستە بزانرێت ئایا بژاردە پێشنیارکراوەکان دەتوانن پشتگیریی زیاتری وڵاتانی ئەندام بەدەست بهێنن یان نا.»
دیپلۆماتە ئەورووپییەکان دەڵێن چاوەڕوان ناکرێت کۆبوونەوەکەی بروکسل بڕیارێکی کردەیی لێ بکەوێتەوە و ئامانجی سەرەکیی، هەڵسەنگاندنی ئاستی پشتگیریی وڵاتانی ئەندامە لەم هەنگاوە.
ماکسیم پروو، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، ڕەخنەی لە سستیی پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەم بابەتە گرت و گوتی بژاردە پێشنیارکراوەکان زیاتر “بابەتێکن بۆ گفتوگۆکردن” نەک نیشانەیەک بۆ ئیرادەی ڕاستەقینە بە مەبەستی پێشخستنی ئەم پلانە. ئەو جەختی کردەوە: «ئێمە داوای پێشنیاری کردەیی دەکەین.»
هاوکات هێشتا لەسەر میکانیزمی پەسەندکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیە ناکۆکی هەیە؛ ڕوون نییە قەدەغەکردنی هاوردەکردن پێویستی بە ڕەزامەندیی هەر ٢٧ وڵاتەکەی یەکێتیی ئەورووپایە یان بە زۆرینەی دەنگ پەسەند دەکرێت. بە گوتەی دیپلۆماتەکان، ئەندامە سەرەکییەکانی وەک ئەڵمانیا و ئیتاڵیا هێشتا هەڵوێستی کۆتایی خۆیان لەبارەی ئەم پێشنیارە ڕانەگەیاندووە.

