ڕەخنەکان لە دژی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی یەکێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا)، بەردەوامن، لە ناو تۆمەتەکانیشدا باس لەوە دەکرێت کە فیفا ڕووبەڕووی قەیرانێکی خراپتر لە بوارەکانی حوکمڕانی و شەفافیەت بووەتەوە. هەروەها، هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرۆکی فیفا بە زۆرترین ئەگەریەوە هیچ سزایەکی دژ بە ناگیرێت، سەرەڕای ئەو سکاڵایانەی لە دژی تۆمار کراون.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی The Guardianی بەریتانیا، کێشەی هێرشبەری تیمی نیشتمانی ئەمریکا، فۆلارین بالۆگون، بووەتە سەرەکیترین بابەتی مشتومڕ، دوای ئەوەی کۆمیتەی ئینزیباتی فیفا بڕیاری دا جێبەجێکردنی سزای ڕاگرتنی یاریزانەکە بۆ کاتێک دواتر دوا بخات، ئەو سزایەی کە دەبوو وای لێ بکات لە یاریی دەوری ١٦ باشترین تیمەکان، دژی بەلجیکا، بەشداری نەکات.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئینفانتینۆ داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکەی کردووە.
سەرەڕای ئەوەی فیفا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کۆمیتەی ئینزیبات بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیارەکەی داوە، بەڵام کاتی دەرچوونی بڕیارەکە و ئەو پەیوەندییە سیاسییانەی پێشتر ڕوویدابوون، پرسیاری زۆر لەسەر سەربەخۆیی میکانیزمەکانی بڕیاردان لە ناو فیفا دروست کردووە.
لە هەمان چوارچێوەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی FairSquareسکاڵایەکی فەرمی بۆ کۆمیتەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی (IOC) پێشکەش کردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە کە پەیوەندیی ئینفانتینۆ لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەتێک سەبارەت بە کێشەیەکی ئینزیباتی، لەوانەیە لەگەڵ بنەمای بێلایەنی سیاسی، کە لە پەیمانی کۆمیتەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتیدا هاتووە، یەک نەگرێتەوە، چونکە ئینفانتینۆ لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە ئەندامی ئەو کۆمیتەیە.
بەڵام، بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە، کۆمیتەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی تا ئێستا حەزێکی زۆری بۆ کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی نیشان نەداوە. سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە دەکەن کە ئەو کۆمیتەیە زۆرجار خۆی لە دەستێوەردان لە شێوازی جێبەجێکردنی یاسا ناوخۆییەکانی یەکێتییە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکان دەپارێزێت، بە تایبەتی کاتێک هێشتا هەموو ڕێگاکانی تانە و پێداچوونەوە تەواو نەکراون.
هەروەها، ڕاپۆرتەکە ئاماژە دەکات کە کۆمیتەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ فیفا زیاتر وریا بووەتەوە، لەبەر زیادبوونی نفووزی بازرگانیی تۆپی پێ لە جیهان و گرنگیی بازاڕی ئەمریکا پێش میوانداری ئۆڵۆمپی لۆس ئەنجلۆس لە ساڵی ٢٠٢٨، ئەوەش وای کردووە ئەگەری گرتنی هەر ڕێوشوێنێکی دژ بە ئینفانتینۆ زۆر کەم بێت.

