ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، گۆڕانکاریی جەوهەری لە زیاتر لە ٣٠ جۆر کتێبی خوێندندا کراوە.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کتێبانە بە چاپی نوێ ئامادە کراون و وەک بەشێک لە پڕۆگرامی فەرمیی وەزارەت، بەسەر قوتابیانی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تاوەکو ١٢ی ئامادەیی دابەش دەکرێن.
سەبارەت بە کەرتی خوێندنی پیشەیی، ئالان حەمە سەعید ڕایگەیاند کە لە ئێستادا زیاتر لە ٣٠ بابەتی جیاواز لە پەیمانگا و خوێندنگە پیشەییەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێندرێن، کە ئەم ناوەندانە بەسەر تەواوی ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا دابەش بوون و خزمەتگوزاریی پەروەردەیی پێشکەش دەکەن.
لە لایەکی ترەوە، سەبارەت بە دیاریکردنی کاتی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن، وەزیری پەروەردە ئاشکرای کرد کە بڕیارە لە مانگی ٩ی ئەمساڵدا، ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات. ئامانجی کۆبوونەوەکەش دیاریکردنی خشتەی کار و کاتی دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ دەبێت.

