ڕۆژی چوارشەممە، هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگریی هاوپەیمانییەکە لە چوار ڕووداوی جیاوازدا، توانیویەتی ئەو مووشەکە بالیستییانە تێکبشکێنێت کە لە لایەن ئێرانەوە بەرەو خاکی تورکیا هاوێژرابوون.
بەرپرسێکی ناتۆ جەختی لەوە کردەوە کە هاوپەیمانییەکە پابەندە بە پاراستنی سەروەریی خاکی هەموو ئەندامەکانی و ئامادەیە ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی ئێران ببێتەوە کە ئاراستەی وڵاتانی ئەندام بکرێت.
ئەم لێدوانەی ناتۆ دوای ئەوە هات کە ڕۆژنامەی «فاینانشیاڵ تایمز»ی بەریتانی ئاشکرای کرد؛ تاران لێکۆڵینەوەی لەسەر بژاردەی هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا کردووە، بۆ ئەو ئەگەرەی ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێکدادانەکان لەگەڵ ئێراندا قووڵتر بکاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، دوو سەرچاوەی ئاگادار لە ناوەندەکانی بڕیار لە ئێران ڕایانگەیاندووە کە هێزە ئێرانییەکان بیریان لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا کردووەتەوە، بەتایبەتی لە وڵاتی بولگاریا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە بولگاریا لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا، ڕێگەی بە فڕۆکە سووتەمەنیبەخشەکانی ئەمریکا دابوو بنکەی ئاسمانیی «بیزمێر» بەکاربهێنن.
هەمان سەرچاوە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە دوورگەی قوبرس، کە لە مانگی ئازاری ڕابردوودا بنکەیەکی سەربازیی بەریتانیا لەوێ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج، یەکێکی دیکەیە لە ئامانجە ئەگەرییەکانی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا.
جگە لەمانەش، بەرپرسانی ئێران تاوتوێی ئەگەری پچڕاندنی کێبڵە دەریایییەکانی ئینتەرنێت (فایبەر ئۆپتیک)یان لە ناوچەی گەرووی هورمز کردووە، وەک ئامرازێکی گوشار لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی سەربازیی فراواندا.

