ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-4-2026,حزبوڵڵای لوبنانی هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کرد سەبارەت ڕێککەوتنێکی دووقۆڵی نێوان بنیامین ناتانیاهۆ و ئیدارەی ئەمریکا لەگەڵ لوبنان، هاوکات جەختی لەسەر بەردەوامیی چالاکییە سەربازییەکانی کردەوە.
حزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “هۆشداری دەدەین لە هەوڵی تێوەگلانی حکوومەتی لوبنان لە ڕێککەوتنی دووقۆڵی نێوان ناتانیاهۆ و واشنتن.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەوان گرەو لەسەر “دیپلۆماسییەکی شکستخواردوو” یان دەسەڵاتێک ناکەن کە لە ئاست پاراستنی نیشتمانەکەی “کەمتەرخەمە”. حزبوڵڵا دەسەڵاتی سیاسی لوبنانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە کاتێکدا “دوژمن ماڵەکان دەتەقێنێتەوە و وشک و تەڕ بەیەکەوە دەسووتێنێت”، ئەوان بێدەنگ و بێدەسەڵات وەستاون.
سەبارەت بە دۆخی مەیدانی، حزبوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ چەند هەفتەیەکی زیادە دەبوو ببێتە هۆی ڕاگرتنی شەڕ، بەڵام ئیسرائیل هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە. حزبوڵڵا جەختی کردەوە
کە “بەردەوامبوونی بەرگری لە بە ئامانجگرتنی سوپای ئیسرائیل، وەڵامێکی ڕەوایە بۆ پێشێلکارییە بەردەوامەکانی دوژمن بۆ سەر ڕێککەوتنی ئاگربەست.”
لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی لوبنان ڕایانگەیاند، کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندین هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی باشووری لوبنان، کە قوربانی لێکەوتەوە تووە.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان نوێترین ئاماری بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی ئادارەوە تاوەکو 26 ی نیسان، ئاماری قوربانییەکان بەمشێوەیە بووە،
کۆی گشتی قوربانیان 2509 گیانلەدەستدان و 7775 بریندار.

