بەپێی داتاکانی ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی، قەبارەی هەناردەی فەرەنسا بۆ عێراق لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026 گەیشتووەتە نزیکەی 184 ملیۆن دۆلار.
بەگوێرەی داتاکانی هەناردەی فەرەنسا، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەهای هەناردەی فەرەنسا بۆ عێراق 78 ملیۆن دۆلار بووە و لە چارەکی دووەمدا بۆ 106 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە. ئەم گۆڕانکارییە بە واتای زیادبوونی 28 ملیۆن دۆلار دێت، کە رێژەی گەشەکردنەکە دەکاتە نزیکەی 35.9%ـی.
بەشە سەرەکییەکانی هەناردەی فەرەنسا بۆ عێراق لەو ماوەیەدا بریتی بوون لە دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان بە بەهای 27.3 ملیۆن دۆلار، بەرهەمەکانی دانەوێڵە، ئارد، نیشاستە و شیرەمەنییەکان بە نزیکەی 22 ملیۆن دۆلار، هاوکات کەرەستەکانی جوانکاری و چاودێریکردنی پێست بە 10.4 ملیۆن دۆلار هەناردە کراون.
بەهای تابلۆ و کەرەستە کارەباییەکانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردن و دابەشکردنی کارەبا گەیشتووەتە نزیکەی 14.2 ملیۆن دۆلار. هەروەها کەرەستە و گیراوە بۆنخۆشەکان بە بەهای 6.8 ملیۆن دۆلار، خواردنەوە کحوولییەکان بە 5.6 ملیۆن دۆلار و شیر و قەیماغیش بە 5.1 ملیۆن دۆلار لە ناو لیستەکەدا بوون.
هەناردەکان تراکتۆر بە بڕی 3.3 ملیۆن دۆلار، ئامێرەکانی تیشک و کەرەستە پزیشکییەکان بە بڕی 3.6 ملیۆن دۆلار و پێوەرەکانی دابینکردن یان بەرهەمهێنانی گاز، شلەمەنی و کارەبایان بە بڕی 2.2 ملیۆن دۆلار لەخۆ گرتووە.
فەرەنسا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵدا پاتری کارەبایی، پەنیر، ماست، مۆبایلی زیرەک و چەندین بەرهەمی دیکەی بۆ عێراق هەناردە کردووە.

