zagros news agency

گۆڕانکارییەکانی ناو دەم ئاماژەن بۆ نەخۆشیی مەترسیدار

 

گۆڕانکارییەکانی ناو دەم دەکرێت نیشانەی سەرەتایی کێشە تەندروستییەکانی دیکەی جەستە بن، لەوانەش هەوکردن، نەخۆشیی شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و هەندێک جۆری شێرپەنجە. پزیشکان روونیکردەوە، دەم پەنجەرەیەکی گرنگە بۆ تەندروستیی جەستە، چونکە بڕێکی زۆر بەکتریا لەخۆدەگرێت و دەروازەی چوونەژوورەوەی خۆراک و خواردنەوە و هەناسەدانە، ئەوەش وادەکات هەر گۆڕانکارییەک لە دەمدا پێویستی بە سەرنج و پشکنین بێت.

یێف دافیدۆڤ، پزیشکی ددان لە نیویۆرک بە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی گوتووە: “دەم تاکە بەشی جەستەیە کە پزیشک تێیدا دەتوانێت بەبێ پێویستبوون بە هیچ نەشتەرگەرییەک، ئێسک و شانە نەرمەکان و خوێنبەرەکان و بەکتریاکان لە یەک کاتدا ببینێت.”

ئێشی ددان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ئازاری ددان دوای ئەوە دەردەکەوێت کە کلۆربوون ماوەیەکی زۆرە پەرەی سەندووە. دافیدۆڤ روونیکردەوە، کلۆربوون کاتێک دەستپێدەکات بەکتریاکانی ناو دەم بە شەکر و نیشاستەکان دەخۆن و ترش بەرهەم دەهێنن، ئەوەش دەبێتە هۆی داخورانی مینای ددان پاش ئەوەی پلاکەکان کۆدەبنەوە و دەبنە کلس. لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا کلۆربوون هیچ نیشانەیەکی دیاری نییە، بەڵام پاشان هەستیاری بەرامبەر خواردنەوە ساردەکان و شیرینییەکان دەردەکەوێت و کاتێک کلۆربوون دەگاتە دەماری ددان، ئازارەکە دەستپێدەکات.

کامی هۆس، ئۆرتۆدۆنست، هۆشداری دەدات کە نەمانی ئازار بە مانای کۆتاییهاتنی کێشەکە نییە، چونکە رەنگە دەماری ددانەکە مردبێت و هەوکردنەکە هەر لە گەشەکردندا بێت. هۆس روونیکردەوە، کلۆربوونی چارەسەرنەکراو دەکرێت ببێتە هۆی کێم و هەوکردنەکەش بۆ ئێسکی شەویلگە و گیرفانەکانی لووت و شانە دەوروبەری بڵاوببێتەوە.

خوێنبەربوون و ئاوسانی پووک خوێنبەربوونی بەردەوامی پووک شتێکی ئاسایی نییە و رەنگە نیشانەی هەوکردنی پووک یان نەخۆشییەکانی دەوروبەری ددان بێت. هۆس دەڵێت: “پووک هەستیار نییە، بەڵکو تووشی هەوکردن بووە.” ئەگەر خوێنبەربوون چەند هەفتەیەک بەردەوام بوو، ئەوا پێویستی بە پشکنینە. لە قۆناغە پێشکەوتووەکاندا، بەکتریاکان دەگەنە خوار هێڵی پووک و دەبنە هۆی هەوکردن و تێکچوونی ئەو ئێسکەی ددانەکانی پێ جێگیرکراوە و رەنگە ببێتە هۆی کەوتنی ددانەکان. هەوکردنی دەوروبەری ددان بە نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک و شەکرە بەستراوەتەوە، لە حاڵەتە دەگمەنەکانیشدا رەنگە نیشانەی نەخۆشییەکانی خوێن یان شێرپەنجەی خوێن بێت.

تەقین و جووڵانی ددان ئەگەر ددانێکی کەسێکی پێگەیشتوو دەستی بە جووڵان کرد، نابێت پشتگوێ بخرێت. دافیدۆڤ روونیکردەوە، ددانەکان لە رێگەی بەستەرەکانەوە لەناو ئێسکی شەویلگەدا جێگیرکراون، بۆیە جووڵانیان نیشانەی تێکچوونی ئێسک یان شانە پشتگیریکەرەکانە. زۆرجار نەخۆشییەکانی پێشکەوتووی پووک هۆکارن، هەروەها تێکخشاندنی ددانەکان لە کاتی خەودا رەنگە کاریگەری هەبێت. لە حاڵەتی دەگمەندا، جووڵانی ددانێک بەبێ هۆکارێکی دیار رەنگە نیشانەی بوونی وەرەم یان کیس بێت لە شەویلگەدا.

بۆنی ناخۆشی دەم بۆنی دەم رەنگە بەهۆی خواردنی هەندێک خۆراکەوە بێت، بەڵام ئەگەر سەرباری پاککردنەوەی ددانەکان هەر بەردەوام بوو، ئەوا کێشەیەکی تەندروستییە. هۆس رایگەیاند، وشکبوونی دەم یەکێکە لە هۆکارە باوەکان، چونکە لیک رۆڵی هەیە لە هاوسەنگکردنی ترشەڵۆکەکان و شوشتنی بەکتریاکان. هەندێک جار بۆنی دەم پەیوەندی بە نەخۆشییەکانی گورچیلە یان نەخۆشییەکانای دیکەوە هەیە.

برینەکان زۆربەی برینەکانی دەم سادەن و خۆیان چاک دەبنەوە، بەڵام هەر برین یان گرێ یان پەڵەیەکی سپی و سوور کە لە ماوەی دوو هەفتەدا چاک نەبووەوە، پێویستی بە پشکنینی پزیشکی هەیە. دافیدۆڤ روونیکردەوە، ئەم نیشانانە رەنگە نیشانەی شێرپەنجەی دەم بن، بەتایبەت ئەگەر لەسەر زمان دەرکەوتن. هەروەها برینە دووبارەبووەکان رەنگە پەیوەندییان بە کەمیی ئاسن، ترشی فۆلیک یان نەخۆشییەکانی بەرگریی جەستە هەبێت.

پاراستنی تەندروستیی دەم پاراستنی دەم بە پاککردنەوەی ددانەکان بە مەعجونی فلۆرید بۆ دوو جار لە رۆژێکدا، بەکارهێنانی دەزووی ددان، دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و خواردنەوەی بڕێکی پێویست لە ئاو دەستپێدەکات. پزیشکان جەختدەکەنەوە، دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی بەردەوام یان نائاسایی لە دەمدا بە مانای بوونی نەخۆشییەکی مەترسیدار نییە، بەڵام پێویستی بە هەڵسەنگاندنی پزیشکی هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سوودەکانی تۆوی چیا

lana

شەش نیشانە دەریدەخات جەستەت بە نهێنی لەگەڵ هەوكردن دەجەنگێت

lana

خواردنی مەعکەرۆنی چ کاریگەرییەکی لەسەر جگەر دەبێت؟

lana