ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

کێشەی بڕانی کارەبا لە ئێران ساڵ بۆ ساڵ زیاد دەکات

سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی سەندیکای کارەبای ئێران ئاشکرای کرد وڵاتەکەی تا دە ساڵی دیکە 37٪ کورتهێنانی کارەبای دەبێت کە ئەمە لە یەک لەسەر سێی پێویستییەکانی کارەبای هەموو ئێران زیاترە.
کۆن بوونی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا، زۆربوونی ژمارەی هاوبەشان و دروستنەکرانی وێستگەی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، هۆکارە سەرەکییەکانی کورتهێنانی کارەبا لە ئێرانن.
حەسەنعەلی نەقیزادە، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی سەندیکای کارەبای ئێران ئاشکرای کردووە تا 10 ساڵی دیکە، ڕێژەی کورتهێنانی کارەبا لەم وڵاتە دەگاتە 37٪ و دەشڵێ ئەم ڕێژەیە لە کورتهێنان زۆر مەترسیدارە.
بە پێی ئامارە فەرمییەکان، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو کورتهێنانی کارەبا لە ئێران 12 هەزار مێگاوات بوو و ڕێژەی کورتهێنانی گەیشتبووە 16٪, ئەمساڵ ڕێژەی کورتهێنان 6٪ زیادی کردووە و بڕی کورتهێنانەکەش گەیشتووەتە 17 هەزار مێگاوات.
کۆن‌بوونی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا لە ئێران دەبێتە هۆی بەفیرۆ چوونی لانیکەم 13٪ کارەبای ئێران کە ئەمە زیاتر لە نیوەی کورتهێنانەکەی ئەمساڵە.
لە لایەکی دیکەشەوە خواست لەسەر کارەبا لە لایەن هاووڵاتیانەوە هەموو ساڵێ لانیکەم 7٪ زیاد دەکات و ساڵانە یەک ملیۆن هاوبەشی نوێ لە تۆری کارەبای ئەم وڵاتە کەڵک وەردەگرن و بەم پێیەش هەزاران ئامێری کارەباییی نوێ و لەوانەش 700 هەزار ئامێری فێنک کەرەوە لە لایەن ئەم هاوبەشە نوێیانەوە دەخرێنە کار.
حکوومەتی ئێران لە 10 ساڵ لەمەوبەرەوە پلانی داناوە بۆ ئەوەی هەموو ساڵێ ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە نێوخۆی ئەم وڵاتە بە گوێرەی زۆر بوونی خواست لەسەر کارەبا 7٪ زیاد بکات، بەڵام لەم ماوەیەدا تەنیا نیوەی پلانی پێشبینی کراو جێبەجێ کراوە و ئەم کورتهێنانەی ئێستا لە تۆری کارەبای ئێراندا دەبینرێ، دەرئەنجامی جێبەجێ نەکرانی ئەم پلانانەیە.
ساڵی رابردوود و پاش ئەوەی حکوومەت تەنیا توانی یەک لەسەرسێی پلانی پێشبینی کراو بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا جێبەجێ بکات، وەزارەتی وزەی ئەم وڵاتە ڕێگای دەستراگەیشتنی هاووڵاتیان بە ئامارەکانی نەهێشت و هەر بۆیەش دیار نییە ئەمساڵ دۆخی بەرهەمهێنان، بەکارهێنان و هاوردە و هەناردەی کارەبا لە ئێران بە چ شێوەیەک بووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆكى ديوان پێشوازى له‌ كونسوڵى گشتيى ئيمارات كرد

سەڵاح

لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مرداربوونەوەی نەورەسەکانی دووكان دەکرێت

سەڵاح

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح