ئەمڕۆ، چوارشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٥، “شێخ تەمیم بن حەمەد ئال ثانی” میری قەتەر و سەرۆککۆماری ئێران مەسعوود پزیشکیان لە تاران کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەیان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا داوایان کرد بە خێرایی ئاگربەسێکی هەمیشەیی لە غەززە ڕابگەیەندرێت و چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی فەلەستین بدۆزرێتەوە.
هەر دوو لایەن کۆبوونەوەکەیاندا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەکاندا بە تایبەت بواری ئابووری کردەوە، بەڵام تەوەری سەرەکیی لێدوانەکانیان پرسی فەلەستین و غەززە بوو.
میری قەتەر ڕایگەیاند “جەختمان کردەوە پێویستە ئاگربەس لە غەززە بەردەوام بێت و لایەنەکان پابەندی بن. هەروەها گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە زۆر گرنگە. من پابەندبوونی قەتەر و هاوپەیمانەکانی بە نێوبژیوانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنم بە سەرۆککۆمار ڕاگەیاند چونکە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی گەیشتن بە ئاگربەسێکی هەمیشەیی لە غەززە و کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی.”
سەرۆککۆماری ئێرانیش داوای لە وڵاتانی جیهان کرد هەموو هەوڵێکی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی خەڵکی فەلەستین بتوانن لە نیشتمانی مێژوویی خۆیاندا بە سەلامەتی بژین.
هەڵوێستی ئەم دووڵاتە، ڕەتکردنەوەی پلانەکانی پێشووی دۆناڵد ترەمپە بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ وڵاتانی دیکە.
لە هەمان کاتدا ئاژانسی ئاسۆشەیتێد پریس بڵاویکردووەتەوە ڕەنگە میری قەتەر لەم سەردانەیدا بۆ تاران هەڵگری پەیامی حکوومەتی ئەمریکا بووبێت بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران.

هەواڵی پێشوو