zagros news agency

غەززە؛ لە ٤٨ کاتژمێردا زیاتر لە ٩٠ کەس بەهۆی بۆمبابارانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەست دا

بەرپرسانی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایانگەیاند کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا، زیاتر لە ٩٠ کەس لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشیتدپرێس ڕۆژی شەممە، ٢٠ی نیسان، لە زاری کارمەندانی بنکە تەندروستییەکانی غەززەوە بڵاویکردەوە هەندێک لە قوربانییەکان ژن و منداڵ بوون و لەو ناوچانەدا پەنایان گرتبوو وەک “ناوچەی مرۆیی” دەستنیشان کراون.
سوپای ئیسرائیل جارێکی دیکە بە مەبەستی فشارخستنە سەر ڕێکخراوی حەماس بۆ چەککردن و هەروەها ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە غەززە ماونەتەوە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە چڕکردووەتەوە. شایەنی باسە ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا حەماس وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن دەکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتان، لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم ١١ کەس لە خان یونس گیانیان لەدەست داوە و چەند کەسێکیان لە نێو خێمەیەکدا بوون لە ناوچەی “مەواسی”؛ ئەو شوێنەی کە سەدان هەزار ئاوارەی لێ نیشتەجێیە و ئیسرائیل وەک “ناوچەی مرۆیی” دیاری کردووە.
پێشتر ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، هێرشەکانی لە سەرتاسەری غەززە چڕتر دەکاتەوە و ناوچەگەلێکی بەرفراوانی کەرتی غەززە وەک “ناوچەی ئەمنی” داگیر دەکات. هەروەها ئیسرائیل ماوەی چەندین هەفتەیە گەمارۆی خستووەتە سەر غەززە و لە گەیشتنی خۆراک و پێداویستییەکانی دیکە دەگرێت.
لەم هەفتەیەدا، ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان هۆشدارییان داوە، هەزاران منداڵ تووشی بەدخۆراکی بوون و زۆربەی خەڵک ڕۆژانە تەنیا یەک ژەمە خۆراکیان بەردەکەوێت. نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاندووە، کۆگاکانی خۆراک لە غەززە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان کەمێک بەرزبوەوە

سەڵاح

هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان لەبارەی مامەڵەی ئاڵوگۆریی ئەلیکترۆنی ئاگادار دەکرێنەوە

سەڵاح

گواردیۆلا هۆشداری دەداتە تیپەکەی

یاسین