وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ زانیاری دەربارەی چالاکی و پەیوەندییەکانی گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان لە باشووری ئەمریکا، خەڵاتێکی تا ١٠ ملیۆن دۆلاری دیاری کردووە. ئەم ڕاگەیەنراوە لە لایەن بەرنامەی “پاداشت بۆ دادپەروەری” وەزارەتی دەرەوە لە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی مای بە زمانەکانی ئینگلیزی، ئیسپانی، پۆرتوگالی و عەرەبی بڵاوکراوەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاگەیەنراوە، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدوای زانیاری دەربارەی تۆڕی دارایی ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە وڵاتانی ئەرژەنتین، بەرازیل و پاراگوایە و ئامانجی بەدەستهێنانی سەرەداوێکە کە بتوانێت کردارە داراییەکانی حیزبوڵڵا تێکبدات.
حیزبوڵڵای لوبنان لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەرپرسی “هێرشە تیرۆریستییەکان لە نیوکوورەی ڕۆژئاوا، لەوانە بۆمبڕێژی لە ناوەندی جوولەکەکانی ئامیا لە ١٨ی جولای ١٩٩٤” ناساندراوە.
لە هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر باڵەخانەی ئامیا، ٨٥ کەس کوژران و لانیکەم ٣٠٠ کەس بریندار بوون. ئەم ڕووداوە وەک یەکێک لە کوشندەترین هێرشە تیرۆریستییەکان لە مێژووی ئەرژەنتین دەناسرێت. داواکاری گشتی دۆسیەی ئامیا پێی وایە بەڵگە هەن کە ڕۆڵی سەرکردایەتی ئێران لە بڕیاردان بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشە پشتڕاست دەکەنەوە.
ئەم بەیاننامەیە هەروەها گوتوویەتی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبوڵڵا لە پڕۆژەکانی داهاتە گەورەکان لەوانە پارەشۆرینەوە، بازرگانی ماددەی هۆشبەر، قاچاخی خەڵوزی دار و نەوت، بازرگانی نایاسایی ئەڵماس، قاچاخی بڕی زۆری پارەی نەختینە، قاچاخی جگەرە و کەلوپەلی لوکس، ساختەکاری بەڵگە و ساختەکاری دۆلاری ئەمریکا دەستیان هەیە.
پۆلیسی فیدراڵی بەرازیل لە لێکۆڵینەوەکانیدا پەیوەندی نێوان حیزبوڵڵا و باندی گەورەی ماددەی هۆشبەری First Capital Command لانیکەم لە ساڵی ٢٠٠٠وە دۆزیوەتەوە. بەرپرسانی بەرازیلی ماوەیەکی زۆرە دەرکیان کردووە کە ڕێکخراوە تاوانکارەکان لە قاچاخی ماددەی هۆشبەر زیاتر، ڕوویان لە بازاڕەکانی دیکەش کردووە، لەوانە دەرهێنانی نایاسایی زێڕ لە ئەمازۆن یان کەرتی تەکنەلۆژیای دارایی لە سان پاولۆ، چونکە ئەم باندانە بەدوای جۆراوجۆرکردنی ڕێڕەوەکانی داهات و فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆیاندان.
هەواڵی داهاتوو

