zagros news agency

ئانروا: کەرتی غەززە ڕۆژانە پێویستی بە ٦٠٠ بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی هەیە

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی (ئانروا) ڕایگەیاند، کەرتی غەززە بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتی گەورەتری مرۆیی، ڕۆژانە پێویستی بە لانی کەم ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی هەیە.
ئەم ڕێکخراوەیە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥، لە بەیاننامەیەکدا لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە: “تەنیا ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە خراپتربوونی کارەساتی ئێستا، بەردەوامیی ئامانجدار و بێ پچڕانی گەیشتنی هاوکارییان بۆ غەززەیە.” ئانروا زیادی کرد، “کەمترین پێویستیی ئێستا، گەیشتنی ڕۆژانەی ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ بارهەڵگر هاوکارییە و دەبێت لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێوەببرێت.” ئەم ڕێکخراوەیە هۆشداریی دا، “خەڵکی غەززە چی‌دیکە توانای ئارامگرتن و چاوەڕوانییان نییە.”
هاوکات، بەگوێرەی میدیاکانی سەر بە حەماس، تەنیا ١٠٠ لۆری هاوکاری گەیشتووەتە غەززە، ئەمەش تەنیا یەکسانە بە نزیکەی ١٪ی پێویستیی ڕاستەقینەی دانیشتووانی ناوچەکە. بەپێی هەمان سەرچاوە، تا ئێستا زیاتر لە ٥٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی بەدخۆراکی و کەمیی خۆراک و دەرمانەوە تۆمارکراوە.
پێشتریش بەرپرسانی خۆجێیی لە غەززە ڕایانگەیاندبوو، بارودۆخی مرۆیی لەم ناوچەیە گەیشتووەتە قۆناغی “کارەساتبار” و جەختیان کردەوە، لە دووی ئاداری ڕابردووەوە تا ئێستا هیچ جۆرە هاوکارییەکی مرۆیی نەگەیشتووەتە غەززە. بە گوتەی ئەم سەرچاوانه، لە ماوەی ٨٠ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٢٠ فەلەستینی بەهۆی بەدخۆراکی و کەمیی دەرمانەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی “پۆلێنکردنی یەکگرتووی قۆناغەکانی ئاسایشی خۆراک” (IPC)، نزیکەی ملیۆنێک و ٩٥٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی غەززە ڕووبەڕووی قەیرانی نائاسایشیی خۆراک بوونەتەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی لە دۆخی برسێتیی سەختدان، ١٣٣ هەزار کەسی تێپەڕاندووە

هەواڵی پەیوەندیدار

مەسرور بارزانی و سوودانی باسیان لە مووچە و نەوت و سەرژمێری کرد

یاسین

پەیامی وەزارەتی پەروەردە بەبۆنەی ڕۆژی مامۆستایانی کوردستانەوە

یاسین

پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت

سەڵاح