zagros news agency

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان: تاران بۆ ڕاگرتنی گرژییەکان داوای نێوەندگیریی لە قەتەر و عومان کردووە

 

سەرچاوە ئاگادارە ئیسرائیلییەکان ئاشکرایان کرد، ئێران بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، پەنای بۆ قەتەر و عومان بردووە و داوای نێوەندگیریی لێ کردوون.
ڕۆژنامەی “جێرووزاڵم پۆست” لە زاری ئەو سەرچاوانەوە بڵاوی کردەوە، تاران پەیوەندیی بە دەسەڵاتدارانی قەتەر و عومانەوە کردووە و داوای لێ کردوون بۆ ڕاگرتنی هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ئیسرائیل و دەستپێکردنەوەی وتووێژە ئەتۆمییەکان لەگەڵ واشنتن، نێوەندگیری بکەن.
هاوکات، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ڕای گەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی ڕابگرێت، وڵاتەکەی ئامادەیە ڕێگری لە پەرەسەندنی شەڕەکە بکات. عێراقچی گوتیشی، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە ئامانجی تێکدانی وتووێژەکانی نێوان تاران و واشنتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشی کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە ڕێککەوتنێک واژۆ بکات بۆ دڵنیاییدان لەوەی دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات، بەڵام هیچ مەرجێک قبووڵ ناکات مافە ڕەواکانی بۆ پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانە سنووردار بکات.
ئەم زانیارییانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێی وایە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەنێوان ئێران و ئیسرائیل و کۆتاییهێنان بەم شەڕە ئەگەری هەیە.
لە بەرانبەردا، گدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، جەختی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی لە ئێران بەردەوام دەبن.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی ڕای گەیاندووە، واشنتن هێشتا پابەندی وتووێژەکانە و هیوادارە ئێرانییەکان بە زوویی بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. بەڵام تاران وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا لە دۆخی ئێستادا بە بێسوود دەزانێت و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە گوتوویەتی، تا ئیسرائیل بەردەوام بێت لە هێرشەکانی، گفتوگۆکردن لەگەڵ گەورەترین پشتیوانی “هیچ مانایەکی نییە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا کرد

یاسین

ئێران هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات              

سەڵاح

ئێران و رووسیا رێککەوتنێکی ستراتیژی واژوو دەکەن

یاسین