دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ئێران خوازیاری دانوستانە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و پێویستە “پێش ئەوەی درەنگ بێت” دەستبەجێ ئەو کارە بکات.
ترەمپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی “گرووپی حەوت” لە کەنەدا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان گوتی: «ڕایدەگەیەنم ئێران لەم شەڕەدا سەرکەوتوو نابێت و پێویستە دەست بە دانوستان بکەن؛ دەبێت پێش ئەوەی درەنگ بێت، دەستبەجێ ئەم کارە بکەن.»
هاوکات، سەرکردەکانی گرووپی حەوت ڕەشنووسی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل ئامادە کردبوو، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایی، ئیمزای نەکرد. ئاژانسی هەواڵی “ڕۆیتەرز” لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە، ڕەشنووسەکە داوا لە ئێران و ئیسرائیل دەکات گرژییەکان کەم بکەنەوە و خۆیان لە زیانگەیاندن بە سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزن. تۆڕی هەواڵی “CBS”ـیش پشتڕاستی کردەوە ترەمپ نیازی ئیمزاکردنی بەیاننامەکەی نییە.

