دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایی، لە کاتی گەڕانەوەی لە کۆبوونەوەی گرووپی حەوت لە کەنەدا، هەموو پێشنیازێکی بۆ ئاگربەست ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند خوازیاری “خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی ئێرانە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا، نەک ئاگربەست”.
دۆناڵد ترەمپ لەناو فڕۆکەکەیدا لە کاتی گەڕانەوەی بۆ واشنتن، بە پەیامنێرانی گوت: “نەمگوتووە بەدوای ئاگربەستدا دەگەڕێم. کۆتایی ڕاستەقینە ئەوەیە ئێران بە تەواوی دەست لە بەرنامەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەڵبگرێت.”
لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ ئەگەری ناردنی ستیڤ ویتکاف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران ڕەت نەکردەوە، بەڵام گوتی ئەم هەنگاوە بەندە بەوەی “کاتێک دەگەڕێمەوە واشنتن، ڕووداوەکان چۆن دەبن.”
بەپێی هەواڵێکی تایمز ئیسرائیل، سەرۆکی ئەمریکایی دووپاتی کردەوە ئێران “زۆر لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە نزیکە” و بەمەش هەڵسەنگاندنەکەی توڵسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی پشتگوێ خست، کە لە مانگی مارسدا گوتبووی “ئێران خەریکی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە”.
هاوکات ڕاستەوخۆ هۆشداریی دایە تاران، ئەگەر هەر زیانێک بە هێزە ئەمریکاییەکان بگات، “بە توندی وەڵامیان دەبێت”.
دەربارەی هێرشەکانی ئیسرائیلیش، ترەمپ گوتی بەردەوام دەبن و زیادی کرد: “لە دوو ڕۆژی داهاتوودا دەبینن. تا ئێستا هیچ لایەنێک پاشەکشەی نەکردووە.” ناوبراو هیوای خواست “بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران زۆر پێش ئەوەی ئەمریکا ناچار بێت بێتە ناو باسەکەوە، لەناو ببرێت.”
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە تا لەناوبردنی تەواوەتیی دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران، لە هێرشەکانی بەردەوام دەبێت. لە بەرانبەردا، بەرپرسانی تارانیش ڕایانگەیاندووە تا هێرشەکانی ئیسرائیل ڕانەگیرێن، ئامادەی گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ نابن.

