ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پەیامە پیرۆزباییەکەی مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، بۆ دۆناڵد ترەمپ لە دوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی، بە “قێزەون و شەرمهێنەر” وەسف کرد.
بەقایی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هێرشەکەی ئەمریکای بە “تاوان” ناو برد و ڕای گەیاند، هەر لایەنێک پشتگیری لەو “تاوانە” بکات، “هاودەست و شەریکی تاوانە.” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها بڕیاری پەرلەمانی بۆ ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، بە “وەڵامی گەل بۆ هێرشە نایاساییەکان” دژی وڵاتەکەی لە قەڵەم دا.
لە بەرانبەردا، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، بەرگریی لە پەیامە پیرۆزباییەکەی بۆ سەرۆکی ئەمریکا کرد. ڕووتە لە پەیامەکەیدا، کە دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی سێشەممە بڵاوی کردەوە، هێرشەکەی ئەمریکای بە “کارێکی ڕاستەقینە نائاسایی” وەسف کردبوو و نووسیبووی: “پیرۆزبایی و سوپاس بۆ ئەو هەنگاوە یەکلاکەرەوەیە لە ئێران. ئەمە کارێک بوو هیچ کەس بوێریی ئەنجامدانی نەبوو و هەمووانی پارێزراوتر کرد.”
مارک ڕووتە، بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکی ناتۆ لە هۆڵەندا، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، سەرەڕای ئەو ڕاپۆرتانەی گومان لە کاریگەریی هێرشەکان دروست دەکەن، پاشگەز نابێتەوە لە ستایشی خۆی.
ناوبراو گوتیشی: “ئەو ١٤ بۆمبە گەورەیەی بەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێراندا بارێنران، بە بڕوای من، هەنگاوێکی ژیانی بوون بۆ ئەوەی هەموو کارێکی پێویست بکرێت تا توانای ئەتۆمیی ئێران لەناو ببرێت. ناتۆ هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.”
هەواڵی داهاتوو

