ئاژانسی “میزان”، سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، بڵاوی کردەوە سزای لەسێدارەدانی سێ کەس لە شاری ورمێ جێبەجێ کراوە و هۆکاری سزاکەشی بۆ “هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی ئیسرائیل – موساد” گەڕاندووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئیدریس عالی، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد، بە تۆمەتی “شەڕ لەگەڵ خودا و بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی لە ڕێگەی هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دوژمن بە قازانجی ڕژێمی زایۆنی” دەستگیر و دادگایی کراون.
هەرچەندە میزان ناوی ئەو “کەسایەتی”یەی ئاشکرا نەکردووە کە گوایە کراوەتە ئامانج، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس لەوە دەکرێت ئیدریس عالی و ئازاد شوجاعی لە سەرەتای هاوینی ساڵی ڕابردوودا دەستگیر کراون و دۆسیەکەیان پەیوەندیی بە تیرۆرکردنی موحسن فەخریزادە، زانا و بەڕێوەبەری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە هەبووە.
پێشتر لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی پاردا، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕای گەیاندبوو سێ کەس لە پارێزگایەکی ڕۆژئاوای وڵات بە تۆمەتێکی هاوشێوە و پەیوەندیدار بە کوشتنی فەخریزادەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. پێ دەچێت ئەو سێ کەسەی ئەمڕۆ لە سێدارە دراون، هەمان تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە بن.
هاوکات، ئاژانسی “فارس”ی نزیک لە سوپای پاسداران، بەرەبەیانیی چوارشەممە، هەواڵی دەستگیرکردنی نزیکەی ٧٠٠ کەسی لە ماوەی ١٢ ڕۆژی ڕابردوودا بە تۆمەتی “سیخوڕی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل” بڵاو کردەوە.
هەواڵی پێشوو

