شەوی شەممە، ٢٨ی حوزەیران، سوپای ڕووسیا لە درێژەی هێرشەکانیدا بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا، شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی کردە سەر چەندین ناوچەی جیاجیای ئەو وڵاتە، کە بەهۆیانەوە چەندین هاووڵاتی بریندار بوون و زیانێکی زۆر بە ژێرخانە مەدەنییەکان گەیشت.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، شەوی ڕابردوو لە سەرجەم پارێزگاکانی ئۆکرانیا زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لێ درا و تەنانەت لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای وڵاتیش، کە زۆربەی کات لە پێکدادانەکانەوە بەدوورن، زەنگی مەترسی بیسترا. پێشتر هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا هۆشداریی دابوو سەبارەت بە جووڵەی بۆمبهاوێژەکانی ڕووسیا و فڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکان بەرەو ناوچە جیاجیاکانی وڵات.
ڕاپۆرتەکان باس لە تەقینەوە و کەوتنەخوارەوەی مووشەک دەکەن لە شارەکانی زاپۆریژیا، لڤیڤ، ئیڤانۆ-فرانکیڤسک و هەرێمی چێرکاسی. هاوکات لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیاش، بەدرێژاییی شەو دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
بەرپرسانی خۆجێیی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند، هێرشەکان چەندین برینداری لێکەوتووەتەوە و زیانی بە ژێرخانە مەدەنییەکان گەیاندووە، لەوانەش باڵەخانەی نیشتەجێبوون و دامەزراوە گشتییەکان.
هەواڵی داهاتوو

