نوئمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە ئەنقەرەی پایتەخت پێشوازیی لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت کرد.
کورتوڵموش لە کۆبوونەوە هاوبەشەکەدا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق مێژوویی و قووڵن و سەرەڕای بوونی جیاوازیی مەزهەبی و نەتەوەیی، دەتوانن پەیوەندییەکانیان بگەیەننە ئاستێکی باڵاتر. کورتوڵموش گوتیشی: “پرۆسەی ئاشتی کە عێراقیش پشتیوانیی لێ دەکات، بۆ تورکیا زۆر گرنگە و دەمانەوێت ئەم پرۆسەیە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئاسایشی تەواوی ناوچەکە هەبێت.”
“بە گوتەی کورتوڵموش، هەردوو وڵات لە ڕووی شارستانی، کولتووری و مێژووییەوە لە یەکەوە نزیکن و ئەمەش بنەمای پەیوەندییەکی بەهێزە. تورکیا ئامانجی خۆی وەک ‘تورکیای بێ تێرۆر’ داناوە، بەتایبەت دوای بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، گەیشتووینەتە قۆناغێکی نوێ کە عێراقیش پشتیوانیی لێ دەکات. ڕزگاربوونی عێراق و تورکیا لە هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بە گرنگ دەزانین. دەمانەوێت پرۆسەی ‘تورکیای بێ تێرۆر’ ببێتە بنەمای ‘ناوچەی بێ تێرۆر’.”

