zagros news agency

نێردەی ئەمریکا: ترەمپ لوبنان بە کلیلی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێت

تۆم باراک، نوێنەری تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ بەیرووت ڕایگەیاند، ترەمپ پێی وایە لوبنان هێشتا کلیلی ئاشتییە لە ناوچەکەدا و جەختیشی کردەوە، لوبنان ناتوانێت لەم گۆڕانکارییانە بەجێ بمێنێت و حزبوڵڵا کێشەیەکی ناوخۆیی لوبنانییە و هیچ چارەسەرێک لە دەرەوە بوونی نییە.
نوێنەرەکەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە، ٧ی تەمموز، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، باسی لە گرنگیی ئەو قۆناغە کرد کە لوبنان و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕن و داوای لە هێزە سیاسییە لوبنانییەکان کرد ئەم دەرفەتە سیاسییە بقۆزنەوە.
باراک گوتی: “ئێمە لە ساتەوەختێکی زۆر گرنگداین بۆ لوبنان و تەواوی ناوچەکە. ئەمە دەرفەتێکە پێویستە هەمووان سوودی لێ وەربگرن و هیچ کەسێکیش لە قۆستنەوەی دەرفەتی وەبەرهێناندا لە لوبنانییەکان باشتر نییە. کاتی ئەوە هاتووە، ناوچەکە زۆر بەخێرایی لە گۆڕاندایە.”
هەروەها گوتیشی: “من زۆر سوپاسگوزاری وەڵامی لوبنانم بۆ ئەو خاڵانەی گفتوگۆمان لەسەر کردن، وەڵامێکی بەرپرسیارانە بوو کە زۆر بابەتی لەبەرچاو گرتبوو. ئێمە کار لەسەر پلانێک دەکەین کە پێویستی بە دیالۆگێکی جیددی هەیە، پێشکەوتنێکی گەورەمان بەدەست هێناوە و من لێی ڕازیم، بەڵام پێویستە هەموو وردەکارییەکان تاوتوێ بکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕاستەقینە.”
باراک جەختی کردەوە، وڵاتەکەی “میعمارییەکی نوێ و نەخشەیەکی نوێ” بۆ چارەسەری قەیرانەکە پێشنیاز دەکات و پێویستە ڕێگایەک بدۆزرێتەوە کە ڕێز لە چاوەڕوانییە ناوخۆیییەکان و کاروباری نێوخۆی لوبنان بگرێت و گۆڕانکاریش لە دەستی خودی لوبنانییەکاندایە.
سەبارەت بە حزبوڵڵا، باراک گوتی: “پێویستە حزبوڵڵا ببینێت کە ئایندەیەکی هەیە و دەبێت باوەڕ بەوە بهێنێت ڕێڕەوەی ئێستای نایگەیەنێت بەو سەرکەوتنەی دەیەوێت. کێشەی حزبوڵڵا پەیوەندیی بە ئێرانەوە نییە، بەڵکوو تەنها پەیوەستە بە لوبنانەوە.”
لەسەر پرسی پەیوەندییەکانی لوبنان و ئیسرائیلیش، باراک گوتی ئیسرائیل ئاشتیی لەگەڵ لوبنان دەوێت، بەڵام چۆنیەتیی گەیشتن بەو ئاشتییە هێشتا ئاڵنگارییەکی گەورەیە.
شەوی یەکشەممەی ڕابردوو، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەک لە لوبنان و ڕایگەیاند پێگە سەربازییەکانی حزبوڵڵای کردووەتە ئامانج. هێرشەکە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە نەعیم قاسم، جێگری ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، ڕایگەیاند دەستبەرداری چەکەکانیان نابن.

هەواڵی پەیوەندیدار

چامپیۆنزلیگ.. لیڤەرپوول لەنێو سانسیرۆ و هاندەران شکستی بە میلان هێنا

یاسین

راگەیندراوێک لە کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر

یاسین

نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهان دابەزینى تۆمار کرد

سەڵاح