پارتی دۆزی ئازاد (هودا پار) ڕای دەگەیەنێت، پێویستە دەوڵەتی تورکیا پرسی کورد و پرسی چەکدانان لێک جیا بکاتەوە و بەبێ هیچ جۆرە مامەڵە و دانوستاندنێک، دان بە مافەکانی کورددا بنێت. هاوکات پارتێکی دیکەی ئیسلامی ئاماژە بەوە دەکات، چەکدانانی پەکەکە ڕێگەی سیاسەتی مەدەنی و دیموکراتیک بەهێزتر دەکات.
کاردانەوەکان بەرانبەر بە هەنگاوی چەکدانانی پەکەکە بەردەوامن و زۆرێک لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا لە نزیکەوە چاودێریی ئەم ڕووداوە مێژووییە دەکەن.
یەکێک لەو لایەنانە، پارتە ئیسلامییەکانن کە پشتگیری لە چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکەن و پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ بڕیارەکەی پەکەکە دووپات کردووەتەوە.
بە بڕوای ئەوان، ئەگەر دەوڵەتی تورکیاش هەنگاوی دیموکراتیانە بهاوێژێت، پرۆسەی بێچەککردنی پەکەکە سەردەکەوێت. ئەم ئەنجامەش تێکۆشانی سیاسیی مەدەنی و دیموکراتیک لە وڵاتەکەدا بەهێزتر دەکات و پرسی کورد ئاسانتر دەگاتە چارەسەر.

