ئێران هەوڵدەدات پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ چین قووڵتر بکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەماڕۆکانی ئەمریکا و لێکەوتەکانی شەڕی مانگی ڕابردوو لەگەڵ ئیسرائیل.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای لەگەڵ هاوتا ڕووسی و چینییەکەی کۆدەبێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو وڵات بەهێزتر بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای لە شاری تیانجین لە باکووری ڕۆژهەڵاتی چین کۆببێتەوە.
لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: “وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای، بیروڕا لەبارەی هاوکارییەکانی ڕێکخراوەکە لە بوارە جیاجیاکان و پرسە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن و بڕیار و بەڵگەنامەکانیش لە کۆبوونەوەکەدا واژۆ دەکرێن.”
عراقچی ڕۆژی دووشەممە گەیشتە چین، بڕیارە لەگەڵ وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دیکە کۆببێتەوە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ‘ڕیا نۆڤۆستی’ـی ڕووسیای ڕاگەیاند، عراقچی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە شاری تیانجین کۆدەبێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە و پرسی ئەتۆمی تاوتوێ دەکەن.
ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەها، ڕێکخراوێکی سیاسی و ئابووری ئۆراسیایە و هەوڵدەدات هاوکاری نێوان ئەندامەکانی بەرز بکاتەوە. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 2001 لەلایەن چین، ڕووسیا، کازاخستان، قرغیزستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستان دامەزراوە، دواتر هیندستان، پاکستان، ئێران و بیلاڕووس پەیوەندییان پێوە کرد.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

