دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند ئێران خوازیاری گەڕانەوەیە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان، بەڵام «من پەلەم نییە».
ترامپ بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە گوتی: «ئەوان [بەرپرسانی ئێران] خوازیاری گفتوگۆن. من پەلەم نییە بۆ گفتوگۆ، چونکە ئێمە بنکەکەی ئەوانمان وێران کرد».
ناوبراو جارێکی دیکە هێرشی ئەمریکای بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەتایبەتی بنکەی فەردۆ، بە سەرکەوتوو و هۆکاری «لەناوبردنی» بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران وەسف کرد و گوتی: «دەبێت هەموو شتێک لە سەرەتاوە دەست پێ بکەنەوە؛ لە ڕاستیدا بە ڕادەیەک وێران کراوە، چیتر بەکار نایەت و دەبێت شاخێکی دیکە هەڵبژێرن.»
جێی باسە، تاران و واشنتن لە مانگەکانی ڕابردوودا پێنج خولی دانوستانی ئەتۆمییان ئەنجام دا و خولی شەشەم، کە بڕیار بوو لە ١٤ی حوزەیران لە مەسقەت بەڕێوە بچێت، بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران هەڵوەشێنرایەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بەرپرسانی ئێران گوتوویانە تەنیا بە مەرجی گەرەنتیی ئەمریکا بۆ دووبارەنەکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، ئامادەن بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستانەکان. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر گوتی: «ئێمە دیاری دەکەین کەی، چۆن، لە ژێر چ بارودۆخێکدا و بە چ شێوازێک دەگەڕێینەوە سەر مێزی گفتوگۆکان.»
هەواڵی داهاتوو

