ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ڕایگەیاند، سوورن لەسەر ئەوەی لە پرۆسەی ئاشتیدا بگەنە ئەنجام و ئاماژەی بەوە دا عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش پشتگیرییەکی باشی پرۆسەکە دەکات.
ئەردۆغان گوتی، ئامانجەکانیان لە پرۆسەی ئاشتیدا دیاری کردووە و بۆ گەیشتن بە ئامانج هەموو هەنگاوەکانیان بە وردی دەنێن. هەروەها گوتی، شەڕ و پێکدادانەکانی ٥٠ ساڵی ڕابردوو زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار زیانی بە تورکیا گەیاندووە و پشتگیرییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ پرۆسەی ئاشتی بە زۆر گرنگ دەزانن.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، سەبارەت بە دۆخی یەپەگە گۆڕانکاری ڕوو دەدات و کاریگەریی ئەم گۆڕانکارییەش لەسەر هەسەدە بە گرنگ دەبینن.
ئەردۆغان هەروەها ڕایگەیاند، هەڵوێستی ئەحمەد شەریع سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییە بە گرنگ دەزانن و هیچ کاتێک بە تەنیا جێی ناهێڵن، چونکە هەڵوێستی ئەو نەیهێشتووە هەندێک لایەن بە شێوەیەکی نەرێنی کۆ ببنەوە.
لە کۆتاییدا ئەردۆغان جەختی کردەوە کە نامانەوێت سووریا دابەش ببێت و ئارامبوونەوەی سووریا بۆ تورکیاش ئەرێنی دەبێت.

