zagros news agency

گوتەبێژی حکوومەتی ئێران: لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا ١٠٦٢ کەس کوژراون

فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، لانیکەم ١٠٦٢ کەس لە ئێران لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی مانگی ڕابردوودا لەگەڵ ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە. لەو ژمارەیە، ١٠٢ کەسیان ژن و ٣٨ کەسیان منداڵ بوون. پێشتر، ئاماری فەرمیی کوژراوان بە ٩٣٥ کەس ڕاگەیەندرابوو.
ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ١٣ی حوزەیران (٢٤ی جۆزەردان) هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوانی ئەنجام دا و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا چەندین فەرماندەی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژران.
ئێرانیش لە وەڵامدا، ژمارەیەکی زۆر مووشەکی ئاراستەی بنکە سەربازییەکان، ژێرخانەکان و شارەکانی ئیسرائیل کرد. ئەمریکاش لە ٢٢ی حوزەیران (٢ی پووشپەڕ) هاتە ناو شەڕەکەوە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردومان کرد.
ئێران لە کاردانەوەدا، ١٤ مووشەکی ئاراستەی گەورەترین بنکەی ئاسمانیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و هەروەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشی ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق کرد. ئەم هێرشانە لە وەڵامی بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فەردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان لەلایەن ئەمریکاوە لە ٢٣ی حوزەیران (٣ی پووشپەڕ) ئەنجام دران.
بەرپرسێکی ئەمریکایی ڕایگەیاند لەو هێرشانەدا هیچ زیانێکی گیانی ڕاپۆرت نەکراوە و ڕوونی کردەوە واشنتن پێشبینیی ئەم هێرشانەی کردبوو و پێشوەختە ڕێوشوێنی پێویستی گرتبووە بەر.
چەند کاتژمێرێک دواتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیلی دوای ١٢ ڕۆژ لە پێکدادانی بێپێشینەی نێوان هەردوو وڵات ڕاگەیاند.

هەواڵی پەیوەندیدار

هه‌ولێر.. چەند شەقامێک لە گەڕەکی قەرەبووی تۆپزاوە دروست دەکرێت

سەڵاح

دەستەی دەسپاکی ژمارەیەک پلەباڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە سەروەت و سامانیان بانگهێشت دەکات

یاسین

زیادكردنی فرۆشی دۆلار، دۆخی ئابووریی عێراق خراپ ده‌كات

یاسین