لە کاتێکدا ئیسرائیل بەهۆی دۆخی مرۆییی کارەساتباری کەرتی غەززەوە، ڕووبەڕووی گوشاری نێودەوڵەتیی زیاتر بووەتەوە، زیاتر لە ١٠٠ ڕێکخراوی فریاگوزاری هۆشدارییان داوە، “برسێتییەکی بەربڵاو” لەو ناوچە گەمارۆدراو و جەنگلێدراوەدا لە پەرەسەندن دایە.
کەرتی غەززە، لەژێر گەمارۆ و هێرشی بەردەوامی سەربازیی ئیسرائیلدایە و ڕووبەڕووی کەمیی توندی خۆراک، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکە بووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی وەک پزیشکانی بێسنوور، لێبوردنی نێودەوڵەتی و ئۆکسفام، نیشانەکانی برسێتیی بەربڵاو و کارەساتبار بە ڕوونی لە ناوچەکەدا دەبینرێن.
ئەم ڕێکخراوانە لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند: “هاوکارانمان و ئەو خەڵکەی هاوکارییان پێ دەگەیەنین، لە لێواری داڕمان دان.” هەروەها داوای ئاگربەستی دەستبەجێ، کردنەوەی تەواوی دەروازە وشکانییەکان و دهستڕاگهیشتنی تهواویان به هاوكارییه مرۆییهكان كرد.
ڕۆژی سێشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان سوپای ئیسرائیلی بە کوشتنی ١٠٥٤ کەس لە غەززە لە کاتی وەرگرتنی هاوکاریدا تۆمەتبار کرد. زۆرینەی هەرە زۆری ئەو کەسانە لە نزیک نێوەندەکانی “دامەزراوەی مرۆیی غەززە” کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پشتیوانی دەکرێت، گیانیان لەدەست داوە.
لە بەرانبەردا، ئیسرائیل بزووتنەوەی حەماس بە قۆستنەوەی ئازاری خەڵک و دەستبەسەرداگرتن و فرۆشتنی هاوکارییەکان تۆمەتبار دەکات. لەم دۆخەدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە گوتی: “تەنیا سەیری ئەوە بکەن لە غەززە چی ڕوو دەدات. بەدخۆراکی پەرەی سەندووە. برسێتی لە بەردەم دەرگای هەموو ماڵێکدا وەستاوە.”
محەمەد ئەبو سەلەمە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا لە شاری غەززە، دوێنێ ڕایگەیاند، تەنیا لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا، ٢١ منداڵ بەهۆی برسێتی یان بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەست داوە.

