ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە حکوومەتی سووریا دەکات لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لەبارەی ڕفاندنی ٣٦ ژن و کچی عەلەوی لە ڕووداوەکانی مانگی ئاداری ناوچەکانی کەناراو بکات.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە ڕووداوەکانی مانگی ئاداردا لە ناوچە کەناراوییەکانی سووریا، نزیکەی ٣٦ ژن و کچی عەلەوی کە تەمەنیان لەنێوان ٣ بۆ ٤٠ ساڵیدایە، لە پارێزگاکانی لازقیە، تەرتووس، حومس و حەما ڕفێندراون.
ڕێکخراوەکە بە بەڵگەوە ڕفاندنی ٨ ژن و کچی عەلەوی پشتڕاست کردووەتەوە کە لە بەرچاوی خەڵکدا ڕفێندراون. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو ژن و کچانە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ڕفێندراون و چارەنووسیان نادیارە.
لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە حکوومەتی سووریا دەکات بەپەلە کار بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی ئەو ژن و کچانە بکات و ئەو کەسانەی لە پشت ڕفاندنیانەوەن، ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە. هەروەها داوای کردووە زانیاریی زیاتر بدرێتە خێزانەکانیان و پشتیوانیی پێویستیان پێشکەش بکرێت.
ئەم ڕێکخراوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێگریکردن لە توندوتیژی لە سووریا، بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەیە.
شایەنی گوتنە، لە هەفتەی ڕابردوودا، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ناوچە کەناراوییەکان ڕایگەیاندبوو کە هیچ ژن و کچێکی عەلەوی لەو ڕووداوانەدا نەڕفێندراون.
هەواڵی داهاتوو

