zagros news agency

حوسییەکان: ١٠ دەریاوانی کەشتییە یۆنانییەکە لە ژیاندان و لای ئێمەن

 

میلیشیا حوسییەکانی یەمەن، ڕایانگەیاند ١٠ کەس لە تیمى کەشتیی بارهەڵگری “ئەتێرنیتی سی”یان ڕزگار کردووە کە لە سەرەتای مانگی تەممووزدا لە دەریای سوور هێرشیان کردبووە سەری و ئێستا لەلای خۆیان دەستبەسەرن.
ئەم کەشتییە کە هەڵگری ئاڵای لیبێریایە و لەلایەن کۆمپانیایەکی یۆنانییەوە بەڕێوە دەبرێت، دووەم کەشتی بوو لە مانگی تەممووزدا لە کەناراوەکانی یەمەن نوقم بوو. چەند ڕۆژێک پێشتریش کەشتییەکی دیکە بە ناوی “ماجیک سیز” نوقم بووبوو، کە ئەویش لەلایەن کۆمپانیایەکی یۆنانییەوە بەڕێوە دەبرا.
تیمى کەشتیی “ئەتێرنیتی سی” لەگەڵ سێ پاسەوانی چەکدار، دوای هێرشەکەی حوسییەکان ناچار بوون کەشتییەکە جێ بهێڵن. ١٠ کەسیان لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتەوە ڕزگار کران، بەڵام ترسی ئەوە هەیە پێنج کەسی دیکەیان لەم هێرشەدا گیانیان لەدەست دابێت. پێشتریش سەرچاوەکانی ئاسایشی دەریایی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان گوتبوو، ئەگەری هەیە ١٠ دەریاوانەکەی دیکە لەلایەن حوسییەکانەوە دەستبەسەر کرابن.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی تەممووز، حوسییەکان ڤیدیۆیەکی شەش خولەکییان بڵاو کردەوە و تێیدا وێنەی ١٠ دەریاوانی ڕزگارکراو پیشان دەدەن کە هەندێکیان پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە دەکەن. ئەو کەسانە لە ڤیدیۆکەدا دەڵێن کەشتییەکەیان بۆ بارکردنی پەینی کیمیایی بەرەو بەندەری ئیلاتی ئیسرائیل ڕۆیشتووە و ئاگاداری بڕیاری حوسییەکان نەبوون بۆ قەدەغەکردنی هاتووچۆی ئەو کەشتییانەی ڕوو لە بەندەرەکانی ئیسرائیل دەکەن. ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە نەیتوانیوە دروستیی ڤیدیۆکە پشتڕاست بکاتەوە.
پێشتر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە یەمەن بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی تیمى کەشتیی ئەتێرنیتی سی کردبوو.
حوسییەکان ڕۆژی یەکشەممە دەستپێکردنی “قۆناغی چوارەم”ی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان ڕاگەیاند و جەختیان کردەوە هەر کەشتییەک هاوکاریی بەندەرەکانی ئیسرائیل بکات، بەبێ ڕەچاوکردنی نەتەوە و ئاڵاکەی، دەیکەنە ئامانج.
دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دەستپێکردنی شەڕ لە غەززە، میلیشیا حوسییەکان بە بیانووی “پشتیوانیکردن لە فەلەستینییەکان” زیاتر لە ١٠٠ کەشتیی بازرگانییان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کردووەتە ئامانج. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا تا ئێستا چوار دەریاوان کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار

زێڕ لە هەلکشانە

یاسین

سەرۆک بارزانی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

سەڵاح

لیڤەرپول پێکانی ئەستێرەیەکی ڕاگەیاند

یاسین