میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، بە فەرمی بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی نان لە تاران دەرچووە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، نرخی جۆرە جیاوازەکانی نان لە پایتەخت لە نێوان ٣١٪ بۆ زیاتر لە ٥٠٪ گران بووە. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن نانەوا تارانییەکان لە بەرزکردنەوەی نرخی نانە سوننەتییە یارانەدارەکان ڕازی نین.
ئەمیر کەرەملوو، گوتەبێژی یەکێتیی نانەوا سوننەتییەکانی تاران، ڕۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدارانی ڕاگەیاند، نرخی نانی بەرخۆرەی سادە بە ڕێژەی ٣١٪ بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە چوار هەزار و ٦٠٠ تمەن.
بەپێی نرخە نوێیەکان، نرخی نانی تافتوون بە ڕێژەی ٥٢٪ بەرز بووەتەوە بۆ دوو هەزار تمەن. هەروەها نانی لەواش بە ڕێژەی ٣٩٪ گران بووە و نرخەکەی بە هەزار و ٢٥٠ تمەن دیاری کراوە.
نرخی هەر نانێکی سەنگەکی سادەش بە حەوت هەزار و ٦٠٠ تمەن دەستنیشان کراوە و نرخی کونجیی زیادکراو لەسەر ئامێری پارەدانەکان بە دوو هەزار تمەن هەژمار دەکرێت.
لەگەڵ بەردەوامیی قەیرانی ئابووری و بێتواناییی کۆماری ئیسلامی لە کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، نرخی کاڵا سەرەکییەکان وەک نان و برنج لە سەرتاسەری ئێراندا، تەنانەت پێش ئەم بڕیارە فەرمییەش، بە شێوەیەکی بێوێنە بەرز بووبووەوە.
ئاژانسی هەواڵی فارس، کە نزیکە لە سوپای پاسداران، ڕۆژی چوارشەممە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە دابوو، هەندێک لە نرخە فەرمییە ڕاگەیەندراوەکان، جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ ئەو نرخەدا هەیە نانەواکان نانی پێ دەفرۆشن.
کەرەملوو لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ ئاژانسی تەسنیم ئاماژەی بە هەوڵەکانیان کرد بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری نرخی نانی بەرخۆرە و لەواش لە تاران و گوتی: “دەبوو نرخی نوێی نان لانیکەم ٥٢٪ بەرز بکرێتەوە. لە ناوەندی پارێزگاکاندا ئەم ڕێژەیە ٥٢٪ و لە شارستانەکاندا ٤٢٪ بووە، بەڵام لە تاراندا ئەم ڕێژەیە کەمترە.”

