وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، هۆشدارییان داوەتە چین لەبارەی بەردەوامبوونی لە کڕینی نەوتی ڕووسیا و ئێران.
ڕۆژی سێشەممە، دووەم ڕۆژی دانوستانە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر باجەکان لە ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، گوتی هۆشداریی داوەتە بەرپرسانی چینی، کە بەردەوامبوونیان لە کڕینی نەوتی سزادراوی ڕووسیا، دەبێتە هۆی سەپاندنی باجی قورس دژ بە پەکین.
بێسێنت زیادی کرد، لەو گفتوگۆیانەدا ناڕەزایەتیی واشنتنی لە بەردەوامبوونی چین لە کڕینی نەوتی سزادراوی ئێرانیش دەربڕیوە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، چین گوتوویەتی “پارێزگاری لە سەروەریی وزەی خۆی دەکات” و گوتی: “ئێمە نامانەوێت ڕێگری لە سەروەرییەکەیان بکەین؛ بۆیە ئامادەن باجی ١٠٠٪ بدەن.”

