zagros news agency

فەرماندەی سوپای ئێران: توانای مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان ئامادەی هەڵمەتە

فەرماندەی گشتیی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایدەگەیەنێت “توانای مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیستەمی ئیسلامی، وەک خۆی ماوەتەوە و ئامادەی هەڵمەتە.”
ئەمیر حاتەمی، ڕۆژی یەکشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی هێزی زەمینیی سوپا گوتی کۆماری ئیسلامی “هەڕەشەی دوژمن بە کۆتاییهاتوو نازانێت” و گوتیشی: “توانای مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیستەمی ئیسلامی وەک خۆی ماوەتەوە و ئامادەی ئۆپەراسیۆنە، هەروەک چۆن تا دوا ساتەکانی سەپاندنی ئاگربەست بەسەر دوژمندا، هێرشەکانمان بەردەوام بوون.”

ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئێران لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا، پێگە ئەتۆمییەکان، سیستەمە بەرگرییەکان، بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانایانی ئەتۆمیی کردە ئامانج. لەو هێرشانەدا زیاتر لە هەزار کەس کوژران کە دەیان ژن و منداڵیان تێدا بوو.
بۆ تۆڵەسەندنەوەی ئەو هێرشانە، ئێران زیاتر لە ٥٥٠ مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد کە زۆربەیان خرانە خوارەوە، بەڵام ئەو مووشەکانەی کەوتنە خوارەوە، لە چەندین ناوچە زیانیان گەیاند و بەپێی ئاماری فەرمیی حکوومەتی ئیسرائیل، ٣١ کەسی مەدەنی لەو هێرشانەدا کوژران.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام باسیان لە ئامادەیی ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی دووبارە کردووەتەوە. مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند ئیسرائیل “هەر ساتێک بێت لەوانەیە دووبارە هێرش بکاتەوە” و جەختی کردەوە هێزە چەکدارەکانی ئێران “بەهێزەوە خۆیان بۆ هەر جۆرە دەستدرێژییەک ئامادە کردووە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

پزیشکیان دەتوانین لەگەڵ ئەمریکا ببین بە برا

یاسین

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبونەوەی تۆمارکرد

یاسین

سەرپەرستی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: دانووستانمان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە

سەڵاح