سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی سووریا گازی سروشتی لە ئازەربایجانەوە بە ڕێگەی تورکیادا هاوردە کردووە، بەڵام دۆخی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان هێشتا باش نەبووە. هاووڵاتییانی شاری حومس سکاڵا دەکەن، لە کاتێکدا پلەکانی گەرما ٤٥ پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە، دۆخی کارەبا زۆر خراپە و لە هەندێک گەڕەکدا ڕۆژانە تەنها شەش کاتژمێر و لە هەندێکی دیکەدا ناگاتە دوو کاتژمێریش.
لە پارێزگاکانی سووریا قەیرانی کارەبا بەردەوامە و کاتژمێرەکانی بڕینی کارەبا لە هەندێک ناوچەدا دەگاتە زیاتر لە ٢٠ کاتژمێر لە شەو و ڕۆژێکدا. ئەمەش دۆخی ژیانی خەڵکی سەختتر کردووە، بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا.
هاووڵاتییەک دەڵێت: “ئێستا لە ڕۆژێکدا تەنها سێ بۆ چوار کاتژمێر کارەبامان هەیە، بەڵێنیان پێ داین بیکەنە ١٠ کاتژمێر، بەڵام لەسەر زەوی هیچمان نەبینی.” هاووڵاتییەکی دیکەش دەڵێت: “تەنها یەک کاتژمێر یان یەک کاتژمێر و نیو کارەبا دێت و زۆربەی ئامێرە کارەباییەکانمان بەهۆی ئەمەوە تێکچوون.”
وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، حکوومەتی سووریایی باسی لە گەیاندنی گاز لە ئازەربایجانەوە کردبوو و بڕیار بوو بەهۆیەوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ ١٠ کاتژمێر زیاد بکرێت، بەڵام ئەمە جێبەجێ نەکرا. جێگری وەزیری وزەی سووریا دەڵێت، ئەو بڕە گازەی هاوردە کراوە، ڕەنگە تەنها بتوانێت کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ پێنج کاتژمێر بەرز بکاتەوە.
بڕی ئەو گازەی لە ئازەربایجانەوە بە ڕێگەی تورکیادا بۆ سووریا دێت، ٣.٤ ملیۆن مەتری سێجایە، کە بەم بڕەش تەنها دەتوانرێت نزیکەی ٥ کاتژمێر کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت. هەرچەندە گەیاندنی گازەکە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی وزە لە سووریا، بەڵام لە واقیعدا باشبوونێکی بەرچاو بەدی ناکرێت، چونکە بڕی گازەکە بەشی پێداویستییەکانی خەڵک ناکات، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە فراوانبوونی ئاوەدانی و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا بەردەوامە.

