zagros news agency

بەڕێوەبەری ناوەندێکی ڕاپرسی لە ئێران: شەڕ بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک

 

بەڕێوەبەری ناوەندێکی ڕاپرسی لە ئێران، کە بە مۆڵەتی حکوومەت کار دەکات، دەڵێت دوای شەڕە ١٢ ڕۆژییەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، شەڕ چووەتە نێو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە و “زیاتر لە ١٥٪”ی تارانییەکان بیریان لە کۆچکردنی هەمیشەیی لە پایتەخت کردووەتەوە.
ئیبراهیم شیرعەلی، سەرۆکی ناوەندی ڕاپرسیی خوێندکارانی ئێران (ئیسپا)، لە کۆبوونەوەیەکی پسپۆڕیدا لەبارەی “خۆڕاگریی تاران” گوتی: “شەڕە ١٢ ڕۆژییەکە خێزانەکان، هاووڵاتییان و ژێرخانە شارییەکانی کردە هێڵی پێشەوەی جەنگ و شەڕ بووە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە و کۆمەڵایەتی و ئابووریی خەڵک.”
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوتەی ناوبراو، ساڵانێکە تاران لە دۆخێکی نائاسایی و مەترسیی جۆراوجۆردایە، لەوانە کێشەی ژینگەیی، هەژاری و نایەکسانی، قەیرانی نیشتەجێبوون و بەهای کرێ، کەمیی وزە و ئاو، کێشەکانی گواستنەوە و هەروەها بەڕێوەبردنی نادیموکراتییانەی شار.
بەپێی ڕاپرسییەکەی ئیسپا کە دوای ئاگربەست لە تاران ئەنجام دراوە، زیاتر لە ٧٣٪ی خەڵک بە توندی نیگەرانی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان بوون، ٥٥٪ ترسیان لە دووبارەبوونەوەی شەڕ هەبووە، نزیکەی نیوەی هاووڵاتییان گوتوویانە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی شەڕدا، بەرگەی دۆخەکە ناگرن و زیاتر لە نیوەشیان باسیان لە دۆخی دەروونیی نالەبار و سترێسی توند کردووە.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، کە ساڵی ٢٠١٨ گوتبووی “نە شەڕ دەبێت و نە دانوستان دەکەین،” لە شەشەمین ڕۆژی شەڕە ١٢ ڕۆژییەکەدا ئیدعای کرد “ژیانی ئاسایی لە ئێران بەردەوامە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

تەندروستی سعوودیە دۆخی تەندروستی حاجیانی ئەمساڵی ئاشکرا کرد

سەڵاح

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆدەبێتەوە

یاسین

ئەمریکا ١٢ بەرپرسی دیکەی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە

سەڵاح