بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، چەکدارە بیانییەکانی نێو ڕیزەکانی سوپای نوێی سووریا، لە نامەیەکی فەرمیدا کە ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەیان کردووە، داوای وەرگرتنی ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی سووریایی دەکەن.
تا ئێستا حکوومەتی سووریا وەڵامی ئەم داواکارییەی نەداوەتەوە، بەڵام پێشتر ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی کاتیی سووریا، گوتبووی ڕەگەزنامە دەدەنە ئەو چەکدارە بیانییانەی شانبەشانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دژی ڕژێمی ئەسەد شەڕیان کردووە.
ژمارەی وردی چەکدارە بیانییەکان لە سووریا نازانرێت، بەڵام بە نزیکەی ٣٥٠٠ چەکدار مەزەندە دەکرێن کە خەڵکی وڵاتانی وەک چین، چیچان، وڵاتانی قەوقاز، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەمریکا، سعوودیە، میسر، توونس و مەغریبن.
زۆرێک لەو چەکدارانە پێشتر لەنێو گرووپەکانی وەک “دەستەی تەحریری شام”دا بوون و ئێستا لە چوارچێوەی “فرقەی ٨٤”ی سوپای نوێی سووریادا ڕێکخراون.
وڵاتانی ئەوروپایی بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی ئەو چەکدارانە دەکەن و پێدانی گەرەنتی لەبارەی ئەوەی ئەو چەکدارانە لە داهاتوودا نابنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا، وەک مەرجێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان داناوە.

