بەپێی ڕاپۆرتی میدیا خۆجێیەکانی ئێران، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی ئاردی گەنم لە شاری شیراز کەوتەوە و زیانی ماددیی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
هادی عیدیپوور، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی شیراز، بە ئاژانسەکانی هەواڵی گوت ئاگرەکە لە کۆگایەک بە ڕووبەری سێ هەزار مەتری دووجا لە بلواری نەسر کەوتووەتەوە و ئێستا کۆنترۆڵ کراوە. ناوبراو گوتی بەشێکی هەزار مەتریی کۆگاکە بەتەواوی سووتاوە و بڕێکی زۆر لە گەنمی کۆگاکە لەناوچووە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگەکانی ڕابردوودا، بەتایبەت دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دەیان حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوەی گوماناوی لە شوێنە جیاجیاکانی ئێراندا تۆمار کراون. هەرچەندە بەرپرسانی فەرمیی ئێران ئەو ڕووداوانە بە “ئاسایی” وەسف دەکەن، بەڵام لەنێو خەڵک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گومان لەسەر ئەوە هەیە دەستی دەرەکییان لەپشتەوە بێت.
شاری شیراز لە ئێران ناوەندی پارێزگای فارسە.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

