خۆپیشاندەرانی تووڕە لە نیپاڵ، ڕۆژی سێشەممە هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پەرلەمان، نووسینگەی پارتە سیاسییەکان و ماڵی سەرۆککۆمار و چەند وەزیرێک و ئاگریان تێبەردا. ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بە مەبەستی “ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران” دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.
شارما ئۆلی، سەرۆکوەزیرانی نیپاڵ، لە پەیامێکدا بۆ ڕام شاندرا بودل، سەرۆککۆماری وڵاتەکە، جەختی لەوە کردەوە کە دەستلەکارکێشانەوەکەی لە ئەنجامی دۆخی نائاسایی و خۆپیشاندانی بەرفراوانی وڵاتەوەیە و هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی لە چوارچێوەی دەستووردا.
ڕۆژنامەی “هیمالایا تایمز” بڵاوی کردەوە، شارما ئۆلی نووسیویەتی: “بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی نائاسایی وڵات و بۆ ئاسانکردنی هەوڵەکان بەرەو چارەسەرێکی سیاسی و دەستووری، بڕیارم دا دەست لە پۆستی سەرۆکوەزیران بکێشمەوە.”
بەپێی هەمان سەرچاوە، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکاندا تا ئێستا ١٩ کەس کوژراون و زیاتر لە ٥٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. ناڕەزایەتییەکان دوای ئەوە پەرەیان سەند کە حکوومەت چەندین تۆڕی کۆمەڵایەتیی قەدەغە کرد.
هاوکات، خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر ماڵی سەرۆککۆماری نیپاڵ و ئاگریان تێبەردا. هەروەها ماڵی چەندین سیاسەتمەداری دیکە لە کاتماندۆی پایتەخت سووتێنران، لەوانە ماڵی “پوشپا کەمال داهال”، سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی نیپاڵ (ناوەندی ماویزم)، ماڵی “پریتڤی سوبا گورونگ”، وەزیری زانیاری و تەکنەلۆژیا، و ماڵی “ڕامیش لیخاک”، وەزیری ناوخۆ کە پێشتر دەستی لەکار کێشابووەوە.

