بانگهێشتکردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەلایەن سەرۆکایەتیی سووریاوە بۆ سەردانیکردنی دیمەشق، کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە. ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە جەخت دەکاتەوە، ئەو شاندەی سەردانی شام دەکات، جێگرەوەی شاندی هاوبەشی کوردی نابێت.
سلێمان عوسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە ڕایگەیاند: “ئێمە ئەم بانگهێشتە ڕەت ناکەینەوە و ئەو شاندەی دەچێتە شام، نابێتە جێگرەوەی شاندی هاوبەشی کوردی.”
لەلایەکی دیکەوە، لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان ئەم هەنگاوە بە ئەرێنی دەبینن. گەبرییەل مووشێ، بەرپرسی ڕێکخراوی ئاشووریی دیموکرات، گوتی: “ئێمە لە قۆناغێکی گواستنەوەداین و پێویستە دانوستانەکان زیاتر بکەین. نابێت هیچ دەرفەتێکی گفتوگۆ بۆ گەیاندنی بۆچوونی هەموو پێکهاتەکان بە دەسەڵات لەدەست بدەین. ڕێککەوتن لە نێوان ئەنەکەسە و پەیەدەدا هەیە و پێویست ناکات هیچ کەسێک لەم بانگهێشتە بترسێت.”
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا پێشتر ڕایگەیاندبوو پابەندی دەرەنجامەکانی کۆنفرانسی یەکڕیزیی کوردین و جەختی لەسەر بەهێزکردنی ڕۆڵی شاندی هاوبەشی کوردی کردەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق، بە مەبەستی مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیموکراتی، ناناوەندی و یەکگرتوودا.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

