ئەمیر بەرعام، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە لە کۆنفرانسێکدا گوتی، هەڵـمەتە سەربازییەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە ئێران “بە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە”ی ئیسرائیل کۆتایی هاتووە، بەڵام قۆناغی دیکەشی بەدوادادێت.
ئەو گوتی، کۆماری ئیسلامیی ئێران «بەهۆی ئەو هەستە سووکایەتییە قووڵەی لە شەڕەکەدا تووشی بوو، ئێستا بەنیازە وەبەرهێنانێکی گەورە لە ئاسایشی خۆیدا بکات» و بەپێچەوانەی ئیسرائیل کە پەسەندکردنی بودجەی لەو شێوەیە کاتی دەوێت، ئێران بەخێرایی ئەم ڕێوشوێنانە بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و توانای هێزەکانی جێبەجێ دەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دڵنیایی دەربڕی، شەڕی ١٢ ڕۆژە کۆتایی پێکدادانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران نەبووە، بەڵکوو قۆناغی دیکەش لە ڕێگادایە.
ئەمیر بەرعام ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان ئابووری و ئاسایشی ئیسرائیل کرد و گوتی، شەڕەکە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ـەوە تا ئێستا ٢٠٥ ملیار شێکڵ (زیاتر لە ٦٢ ملیار دۆلاری ئەمریکایی) تێچووی هەبووە و تێچووی بەرپەرچدانەوەی هەر مووشەکێکی ئێران یان حووسییەکان لە نێوان ١٥ بۆ ٣٠ ملیۆن شێکڵدایە. ئەو زیادی کرد، ئەم ڕەوتە فشارێکی قورسی خستووەتە سەر ئابووریی ئیسرائیل.
هاوکات بەرعام ئاشکرای کرد، وەزارەتی بەرگری لە ڕێگەی گرێبەستەکانی هەناردەکردنی پیشەسازیی سەربازییەوە داهات بەدەست دەهێنێت و بەم دواییانە ڕێککەوتنی بە بەهای ٢.٥ ملیار دۆلار لەگەڵ دوو وڵات واژۆ کردووە، بەڵام ناوی وڵاتەکانی ئاشکرا نەکرد.
ڕۆژی دووشەممە ڕۆژنامەی “جەوان” کە نزیکە لە سوپای پاسداران، بڵاوی کردەوە: ئیسرائیل دوای هێرشکردنە سەر سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر، بەنیازە «ناوەندی بەرگری» لە تاران بکاتە ئامانج و پێویستە ئێران ئەم جووڵانە وەک هۆشدارییەکی ستراتیژی لە دژی خۆی ببینێت.
هەواڵی داهاتوو

