تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، ڕایگەیاند، ئەمریکا هیچ دەستوەردانێکی سەربازیی دژی حزبوڵڵا نابێت و ئیسرائیلیش لە باشووری لوبنان ناکشێتەوە.
باراک، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “سکای نیوز عەرەبی” گوتی: “هەم حزبوڵڵا و هەم ئێرانیش، دوژمنی ئێمەن. پێویستە سەری ئەم مارانە ببڕین و ڕێگری لە پاڵپشتیی داراییان بکەین.”
ناوبراو بە جەختکردنەوە لەوەی حکومەتی لوبنانی دەبێت هەڵوێستێکی ڕوونی لەبارەی چەککردنی حزبوڵڵاوە هەبێت، ڕایگەیاند: “تەنها کارێک لوبنان دەیکات، قسەکردنە، هیچ هەنگاوێکی بەرجەستە نانرێت.”
باراک هەروەها گوتی، حزبوڵڵا لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە بەهێز بووە و مانگانە نزیکەی ٦٠ ملیۆن دۆلار هاوکاریی دارایی دەرەکی پێ دەگات.

