وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە کەرتی غەززە، ڕۆژی سێشەممە، ڕایگەیاند تەنها چەند ڕۆژێکی کەم ماوە تاوەکوو بەهۆی تەواوبوونی سووتەمەنییەوە چالاکیی نەخۆشخانەکان بەتەواوی بوەستن.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک هۆشداریی دا، قەیرانی کەمبوونی سووتەمەنی لە نەخۆشخانەکاندا چووەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدارەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕەنگە ببینەری وەستانی چالاکیی بەشە گرنگەکانی نەخۆشخانەکان بین، کە ئەمەش بە واتای قووڵبوونەوەی قەیرانی تەندروستی و کەوتنە مەترسیی مەرگی مسۆگەری ژیانی نەخۆش و بریندارەکان دێت.”
وەزارەتەکە داوای لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بەپەلە دەستبەجێ کار بکەن بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ نەخۆشخانەکان، تا ڕێگری لە کارەساتێک بکرێت کە دەرەنجامی چاوەڕواننەکراوی لێ دەکەوێتەوە.
هاوکات، بۆردومانە چڕەکان بۆ سەر شاری غەززە بەردەوامن و هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە گەڕەکەکانی باشووری ڕیمال و نەسر جێگیر بوون.
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 65 هەزار فەڵەستینی کوژراون، کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن.

