لە زیاتر لە 65 شاری ئیتالیا خۆپیشاندانی بەرفراوان بۆ پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین و ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەڕێوەچوو. خۆپیشاندەران حکوومەتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکەی جۆرجیا مێلۆنی-یان ڕەخنەباران کرد، بەهۆی ئەوەی ئامادە نییە هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی ئەورووپا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت.
لە ڕۆمای پایتەخت، دەیان هەزار کەس بە بەرزکردنەوەی ئاڵای فەڵەستینەوە ڕژانە سەر شەقامە سەرەکییەکان و داوایان کرد “کۆمەڵکوژی لە غەززە بوەستێنرێت.” لە شارە بەندەرییەکانی وەک جەنەوا، چالاکوانان ڕێگەی هاتووچۆی بەندەرەکانیان گرت. خۆپیشاندانەکان کە لەسەر بانگەوازی سەندیکاکانی کرێکاران ڕێکخرابوون، چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیان لەخۆگرتبوو.
هاوکات، لە کڵێساکانی ڕۆما، قەشەکان تۆڕێکیان بە ناوی “قەشەکان دژی جینۆساید” پێکهێنا و بۆ قوربانییانی غەززە نوێژیان کرد. جیانفرانکۆ مارکێتی، هاووڵاتییەکی کاتۆلیکی تەمەن 64 ساڵ، گوتی: “ئەوەی ئەمڕۆ لە غەززە ڕوودەدات، دەرەنجامی دەیان ساڵ ستەم و نکۆڵیکردنە لە مافی گەلی فەڵەستین.”
لە بەرانبەردا، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، ئاماژەی بە پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس لە شاری میلان کرد کە بووە هۆی برینداربوونی 60 پۆلیس و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: “ئەوانەی خۆیان بە لایەنگری فەڵەستین و دژەفاشیست دەزانن، لە ڕاستیدا تێکدەرن و ئاسایشی گشتی دەخەنە مەترسییەوە.”
بەپێی ڕاپرسییەکان، 64%ـی هاووڵاتییانی ئیتالیایی پێیان وایە ئیسرائیل بەشێوەیەکی سیستماتیک ستەم لە فەڵەستینییەکان دەکات. بڕیارە سەندیکاکانی کرێکاران لە 4ـی تشرینی یەکەم جارێکی دیکە خۆپیشاندانی سەرتاسەری بۆ پشتیوانی لە فەڵەستین ئەنجام بدەن.
هەواڵی داهاتوو

