وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتوویەتی، بڕیاردانی کۆتایی لەبارەی ئازادکردنی دوو هاووڵاتیی فەڕەنسایی دەستبەسەرکراو لە ئێران و مەهدییە ئەسفەندیاری، هاووڵاتیی ئێرانیی زیندانیکراو لە فەڕەنسا، لە ژێر تاوتوێدایە و هیواخوازە ئەم پڕۆسەیە بەم زووانە بە ئەنجام بگات.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ئۆکتۆبەر، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا گوتوویەتی کە دۆسیەی دوو هاووڵاتیی فەڕەنسایی و مەهدییە ئەسفەندیاری دوو دۆسیەی جیاوازن، بەڵام بۆ باشترکردنی دۆخی ئێستا، بابەتە ئازادکردنی فەڕەنسایییەکانیش تاوتوێ کراوە.
ئەو وێڕای جەختکردنەوەی لەوەی کە ئەم بابەتە دوو دۆسیەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، گوتوویەتی: “لەبارەی دوو هاووڵاتیی فەڕەنسایی کە لە ئێران دەستگیر کراون، تۆمەتەکانیان دیاریکراون. بەڵام لەبارەی هاووڵاتیی ئێرانی کە لە فەڕەنسا دەستبەسەر کراوە، ئێمە پێمان وایە کە دەستبەسەرکردنی نایاسایی بووە و تا ئێستا هیچ بنەمایەکی یاساییی قبووڵکراو بۆ دەستبەسەرکردنی ناوبراو پێمان نەدراوە.”
بەقایی زیادیشی کردووە کە وەزارەتی دەرەوە بەدواداچوونی بۆ مافەکانی ئەسفەندیاری کردووە و باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە فەڕەنسا نزیکەی ١٠ ڕۆژ پێش ئێستا بۆ سێیەمین جار ناوبراوی دیوە. ئەو گوتوویەتی: “هاوکارانی ئێمە لە باڵوێزخانەی ئێران لە پاریس بە شێوەیەکی ڕێک و پێک دیداری کۆنسولی دەکەن. لە ئێستادا، دۆسیەی ناوبراو هەروا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە.”
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی جەختی کردووەتەوە کە بۆ ئاسانکردنی پڕۆسەی چارەسەرکردن و باشترکردنی دۆخەکە، بابەتی ئازادکردنی دوو زیندانیی فەڕەنسایییش لە چوارچێوەی یاسا ناوخۆیییەکان و ڕێکارە دادوەرییەکان تاوتوێ کراوە.
بەقایی ئاشکرای کرد: “هەنگاوە پێویستەکان لەم بوارەدا لە ئاستی وەزارەتی دەرەوە ئەنجام دراون و بڕیاردانی کۆتایی لەبارەی ئازادکردنی ئەم دوو هاووڵاتیی فەڕەنسایی و خاتوو ئەسفەندیاری لە ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە ژێر جێبەجێکردندایە. هیواخوازین بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامدانی ئامادەکارییە پەیوەندیدارەکان، ئەم پڕۆسەیە بەم زووانە بە ئەنجام بگات.”
فەڕەنسا تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی کاردانەوەی بەرانبەر لێدوانەکانی دوایی بەقایی نیشان نەداوە، بەڵام پێشتر داوای ئازادکردنی بێ قید و شەرت هاووڵاتییەکانی خۆی کردبوو. پاریس دەستبەسەرکردنی ئەسفەندیاری بەهۆی پۆستە دژە ئیسرائیلییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەوا زانیوە، لە کاتێکدا تاران ئەم تۆمەتە بە نادادپەروەرانە دەزانێت و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ناوبراو دەکات.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، پێشتر لە ٢٠ ١١ی سێپتەمبەر لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەنگ و ڕەنگدا، هەواڵی لە ئەنجامدانی وتووێژەکان بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییانی فەڕەنسایی لە ئێران لەگەڵ مەهدییە ئەسفەندیاری دابوو.
ئەو بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدات، لەمبارەیەوە گوتوویەتی: “ئاڵوگۆڕی مەهدییە ئەسفەندیاری لەگەڵ زیندانییانی فەڕەنسایی لە ئێران گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی و هیواخوازین لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.”
سیسیلی کۆهلەر، مامۆستا و ئەندامی فیدراسیۆنی پەروەردە و فەرهەنگی سەندیکای هێزی کاری فەڕەنسا و هاوسەرەکەی، ژاک پاریس کە لە ئایاری ٢٠٢٢ وەک گەشتیارێک سەردانی ئێرانیان کردبوو، هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی مامۆستا لە ئێران دەستبەسەر کران.
کۆماری ئیسلامی دواتر ئەم دووانەی تۆمەتبار کرد کە بە مەبەستی “ئامادەکردنی بارودۆخ بۆ شۆڕش و ڕووخاندنی حکوومەتی ئێران” سەردانی ئەم وڵاتەیان کردووە. دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بە فەرمی ئەوانی بە “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی کردەوەی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی” تۆمەتبار کرد. کۆماری ئیسلامی هەروەها ئەم دوو کەسەی بە پەیوەندی هەبوون لەگەڵ موساد تۆمەتبار کردووە.
فەڕەنسا دۆسیەیەکی دژ بە کۆماری ئیسلامی لە دادگای نێودەوڵەتیی داد (ICJ) بەهۆی دەستبەسەرکردنی کۆهلەر و پاریس پێکهێناوە. مەهدییە ئەسفەندیاری، هاووڵاتیی ئێرانی لە فەڕەنسا، بە تۆمەتی “پەرەپێدانی تیرۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان” دەستبەسەر کراوە. کۆماری ئیسلامی ئەم تۆمەتە بە “نادادپەروەرانە” ناو بردووە و داوای ئازادکردنی ناوبراوی کردووە.
هەواڵی داهاتوو

