ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە پرۆسەی دیاریکردنی حوکمڕانیی داهاتووی غەزەدا، لەپاڵ دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستیندا، ڕۆڵێکی “تایبەت” دەبینێت. هاوکات، یەکێتیی ئەورووپا پێشوازیی لە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لەلایەن حەماسەوە کرد و گوتی، ئەرکی چاودێریی خۆی لە دەروازەی ڕەفەح لەنێوان غەزە و میسردا دەست پێ دەکاتەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن ڕۆژی دووشەممە گوتی، وڵاتەکەی “ڕۆڵێکی تایبەت” لە ئیدارەدانی داهاتووی غەزەدا لەپاڵ دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستیندا دەبینێت. ئەو لە کاتی گەیشتنی بۆ شاری شەرمەلشێخی میسر بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند: “لە بابەتەکانی پەیوەست بە ئیدارەدانی غەزە، ئێمە ڕۆڵێکی تایبەت بۆ خۆمان دەبینین بۆ ئەوەی لەپاڵ دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستیندا بین، دڵنیا بین لەوەی پشک و بەشی خۆی هەیە و هەروەها چاکسازییە پێویستەکانیش بۆ قۆناغی دوای قەیرانەکە ئەنجام دەدات.”
ماکرۆن هەروەها زیادیشی کرد کە مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین، لەم کۆبوونەوەیەدا ئامادە دەبێت و گوتی: “ئەمە نیشانەیەکی زۆر ئەرێنییە… ئەمە بە واتای ناسینەوەی ڕۆڵی دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین دێت وەک دامەزراوەیەکی شەرعی.”
لەم نێوەندەدا، یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی دووشەممە پێشوازیی لە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لەلایەن حەماسەوە کرد و سوپاسی ڕۆڵی دۆناڵد ترامپی، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە بەدیهێنانی ئەم “هەنگاوە گرنگە بەرەو ئاشتی” کرد. کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: “ئازادکردنی بارمتەکان سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ دیپلۆماسی و هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە بەرەو ئاشتی. سەرۆک ترامپ ئەم پێشکەوتنەی بەدیهێنا.”
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، لە پەیامێکدا نووسی: “گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان ساتێکی خۆشییە بۆ خێزانەکان و ساتێکی ئارامییە بۆ جیهان.” بە گوتەی ڤۆن دێر لاین، یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیە بە “هەموو ئەو ئامرازانەی لەبەردەستیدایەتی” بۆ سەرکەوتنی پلانی ئاشتی لە غەزە، کە بڕیارە لە کۆبوونەوەی شەرمەلشێخ واژۆ بکرێت، هاوکاری بکات. ئەو هەروەها ئاماژەی بە کۆکردنەوەی سەرچاوە داراییەکانی ئەورووپا بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم ناوچەیە کرد.
کایا کاڵاس ڕایگەیاند کە یەکێتیی ئەورووپا لە ڕۆژی چوارشەممەوە ئەرکی چاودێریی خۆی لە دەروازەی ڕەفەح، لەنێوان غەزە و میسردا دەست پێ دەکاتەوە. ئەم ئەرکە بە بەشداریی هێزەکانی پۆلیسی ئیتالیا، ئیسپانیا و فەڕەنسا بە ئامانجی دڵنیابوون لە بوونی بێلایەن لەم دەروازە ستراتیژییەدا ئەنجام دەدرێت. ئەم ئەرکە لە مانگی یەنایەردا دەستی پێ کرابوو، بەڵام دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە، لە مانگی مارسدا ڕاگیرا.
هەواڵی داهاتوو

