ئەمساڵ بە پێچەوانەی ساڵی ڕابردوو، ماسی لە دەریاکانی تورکیادا زۆر کەمە و بەو هۆیەشەوە نرخەکەی بە ڕێژەی ٥٠% بەرز بووەتەوە، هەندێک جۆری ماسییش تا ١٥٠% گران بوون، ئەمەش ناڕەزایی زۆری هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە. ماسیفرۆشان هۆکاری ئەم گرانبوونە بۆ تەقینەوەکانی دەریای ڕەش بەهۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و هەڵاوسان دەگەڕێننەوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر دەستپێکردنی وەرزی نوێی ڕاوکردنی ماسی، نرخی ماسی بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان کە هەرزان بێت، بە ڕێژەی ٣٠% بۆ ٥٠% گران بووە.
هەندێک لە ماسیفرۆشان پێیان وایە، تەقینەوەکانی دەریای ڕەش کە بەهۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە ڕوویان داوە، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڕەوە ماسییەکان و قورسبوونی ڕاوکردنیان. بەڵام هەندێکی تر ئەم هۆکارە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن، هەڵاوسان و کەمیی ماسی دوو هۆکاری سەرەکیی گرانبوونن.
ماسیفرۆشێک دەڵێت: “ساڵی ڕابردوو ماسی زۆر بوو، بۆیە هەرزان بوو. بەڵام ئەمساڵیش زۆر کەمە و گرانە. ئێستا لە بازاڕدا ماسیی لووفەر هەرزانە، چونکە ئەمڕۆ زۆر هاتە بازاڕەوە. جگە لەوە ئاساییە کە نرخی ماسی گران بێت، چونکە نرخی هەموو شتێک گران دەبێت. وەک چۆن خەرجییەکانی هەموو کارێک گران دەبێت، خەرجییەکانی ڕاوکردن و فرۆشتنی ماسییش گران دەبێت. بۆیە نابێت مرۆڤ زۆر پرسیاری نرخی ماسی بکات.”
حامسی کە هەرزانترین جۆری ماسییە و هاوڵاتیانی هەژار زیاتر ڕووی تێدەکەن، مانگی ڕابردوو ١٥٠ لیرە و ساڵی ڕابردوو ١٠٠ لیرە بوو، بەڵام ئەمساڵ نرخەکەی گەیشتووەتە ٣٥٠ لیرە. ئەگەر حامسی گران بێت، ماسییە گەورەکان ناچارن گرانتر ببن و هاوڵاتیانیش زۆر ناڕازین.
هاوڵاتییەک دەڵێت: “ئایا لەم وڵاتەدا چی هەرزان ماوە تا ماسی هەرزان بمێنێتەوە؟ پێشتر ئێمە بە چەند کیلۆیەک ماسی دەکڕی، ئێستا دەترسین کیلۆیەک بکڕین. لەسەر پێیان دەمانشەلێنن. ئایا ئەگەر ماسییش گران بێت، ئیتر ئێمە چی بکڕین؟ بە کورتی بڵێم، ژیانمان بۆ نەهێشتن. نامەوێت شتێکی تر بڵێم. ژیان نەما.”
چاوەڕوان ناکرێت نرخی ماسی هەرزان بێت، ئەگەر ئاوی دەریاکان زوو سارد نەبێت و تەقینەوەکانی دەریای ڕەش بەردەوام بن، بەڵکوو ئەگەری هەیە گرانتر بێت.
شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لە نرخی دانەوێڵەوە تا نەوت و گاز کاریگەریی لەسەر زۆر شت کردبوو، تەنها ماسی مابوو. ئەویش پشکی خۆی لە باجی شەڕەکە وەرگرت. هیوای ئەوە بوو ئەمساڵ هاوڵاتیان بەهۆی هەرزانییەوە بە دڵی خۆیان ماسی بخۆن، بەڵام دیارە ئەویش لەدەست دەچێت.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

