سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند لە سێ هێرشی جیاوازدا بۆ سەر چوار بەلەمی گومانلێکراو بە قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆقیانووسی ئارام، ١٤ کەس کوژراون. ئەمە یەکەم جارە سوپای ئەمریکا هەواڵی سێ ئۆپەراسیۆنی بۆردوومانکردن لە یەک ڕۆژدا ڕابگەیەنێت.
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی حکومەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی بەلەمە سووتاوەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) گوتی ئەم کەشتییانە لە ڕێڕەوە ناسراوەکانی قاچاخچێتیدا دەجووڵانەوە.
باس دەکرێت تەنیا یەک کەس لەم هێرشانە ڕزگاری بووە، لە کاتێکدا شوێنی وردی هێرشەکان ڕانەگەیەندراوە. لە هەندێک ڕاپۆرتدا هاتووە کە ئەم هێرشانە لە نزیک کەناراوەکانی ئۆقیانووسی ئارام لە کۆڵۆمبیا ڕوویان داوە.
هێگسێت قاچاخچییەکانی بە “تیرۆریستانی ماددە هۆشبەرەکان” ناو برد و گوتی ئەوان زیاتر لە قاعیدە هاوڵاتییانی ئەمریکییان کوشتووە. وەزیری جەنگی ئەمریکا جەختی کردەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدوای ئەم “تیرۆریستانی ماددە هۆشبەرانەدا” دەکەوێت و لەناویان دەبات.
لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە تا ئێستا، سوپای ئەمریکا ١٣ هێرشی هاوشێوەی ئەنجام داوە کە تێیدا ٥٧ کەس کوژراون. زۆربەی ئەم هێرشانە لە دەریای کاریبی و نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا بوون. حکومەتی ئەمریکا، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆککۆماری ڤەنزوێلای بە هاوکاری لەگەڵ تۆڕەکانی قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکان تۆمەتبار کردووە، بەڵام مادۆرۆ ئەم تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.
شارەزایانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم هێرشانەیان بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان زانیوە و سەرۆککۆماری کۆڵۆمبیاش بە “هێرشێک دژی هەموو ئەمریکای لاتین” ناوی بردووە.
هەواڵی داهاتوو

