هەریەک لە فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکا، ڕەشنووسی بڕیارێکی نوێیان ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کردووە و تێیدا داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن ڕوونکردنەوە لەبارەی دوو بنکەی ئەتۆمی و یەدەگی یۆرانیۆم بدات و دەستبەجێ ڕێگە بە پشکنەران بدات سەردانی دامەزراوەکان بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم ڕەشنووسە ڕۆژی سێشەممە ڕادەستی ئاژانسەکە کراوە و بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت. دیپلۆماتکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری پەسەندکردنی بڕیارەکە لە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی نۆڤەمبەردا زۆرە.
لە دەقی ڕەشنووسەکەدا هاتووە: “پێویستە حکوومەتی ئێران دەستبەجێ زانیاریی ورد لەبارەی دۆخی ماددە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بخاتە بەردەستی ئاژانس و هەموو ئاسانکارییەک بۆ ڕاستیئازماییی ئەو زانیارییانە فەراهەم بکات.”
ئەم هەنگاوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دوای بڵاوبوونەوەی دوایین ڕاپۆرتی ئاژانس دێت، کە تێیدا جەخت لەوە کراوەتەوە ئێران هێشتا ڕێگری لە چوونی پشکنەران بۆ ئەو دوو بنکەیە دەکات کە لە مانگی حوزەیراندا کرانە ئامانجی هێرشەکان، هەروەها لە پێدانی زانیاری لەبارەی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو خۆی دەدزێتەوە.
لە بەرانبەردا، نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاژانس، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” هۆشداريی داوە و نووسیویەتی: “لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەم ڕەشنووسەدا، ڕەوتی ئەرێنیی هاوکارییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئاژانس زیانی پێ دەگات” و هەوڵەکان بۆ پەسەندکردنی بڕیارەکەی بە “هەڵەیەکی گەورە” وەسف کردووە.
لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا، ئێران لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانس ڕازی بوو پشکنینەکان دەست پێ بکەنەوە، بەڵام دواتر ڕێککەوتنەکەی بە بێبایەخ لە قەڵەم دا. لە ڕەشنووسە نوێیەکەدا جگە لە ڕەخنەگرتن لە ئاستی نزمی هاوکارییەکانی تاران، داوا کراوە ئێران پرۆتۆکۆلی پاشکۆی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی جێبەجێ بکات، کە ساڵی ٢٠٠٣ واژۆی کردووە بەڵام دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٨، جێبەجێکردنی ڕاگرتووە.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

