zagros news agency

کێشەی نێوان پاکستان و تالیبانی ئەفغانستان بەردەوامە

خواجە ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان، تاڵیبانی ئەفغانستانی بە “گرووپێکی بێ سەروبەر” ناو دەبات و هۆشداری دەدات بەردەوامیی دۆخی ئێستا ڕەنگە ببێتە هۆی دەست‌تێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەفغانستان. ئەم بەرپرسە ئاسایشییە پاکستانییە، لە نێوەندی زیادبوونی گرژییەکان لە نێوان هەردوو لادا، دەڵێت هیچ نیشانەیەک بۆ کەمبوونەوەی گرژییەکان نابینرێت و ئیسلامئاباد چیتر چاوەڕوانی لە ڕژێمی تاڵیبان ناکات. خواجە ئاسف گوتی، “متمانەکردن بە تاڵیبانی ئەفغانستانی گەورەترین گەمژەیی دەبێت.” ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد وڵاتەکەی دوو نەوەی ئەوانی حەواندەوە، بەڵام ئەوان وەڵامێکی گونجاویان بۆ وڵاتەکە نەبووە.
پێشتر، زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی تاڵیبان، پاکستانی بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی شەوانە بۆ سەر بەشێک لە ئەفغانستان تۆمەتبار کرد. ئەو لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گوتوویەتی ئەم هێرشانە بۆ سەر ئامانجی سڤیل لە ویلایەتەکانی خوست، پەکتییکا و کونەر کراون و لە ئەنجامدا ١٠ کەس کوژراون کە ٩یان منداڵ بوون و یەکێکیان ژن بووە.
هەرچەندە سوپای پاکستان بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشانەی ڕەت کردووەتەوە و ئیدیعای تاڵیبانی بێ بنەما و ناڕاستی ناو بردووە، بەڵام موجاهید لە پەیامەکەیدا هۆشداریی دا ڕژێمی تاڵیبان “لە کاتی گونجاودا، وەڵامی پێویست” دەداتەوە.
خواجە ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان، هۆشداریی گوتەبێژی تاڵیبان بە کەم بایەخ و لە ئاستی قسەی بێ نێوەڕۆک وەسف دەکات و دەڵێت بە جدی وەرگرتنی تاڵیبان لەبنەڕەتڕا بێ واتایە. ئاسف گوتی بە پێچەوانەی تاڵیبان کە “گرووپێکی بێ سەروبەر” و بێ “بنەمای ئەخلاقیی”ە، سوپای پاکستان هێزێکی ڕێکوپێک و خاوەن نەریت و بنەمای ئەخلاقییە. وەزیری بەرگریی پاکستان هەروەها گوتی، “ئیسلامئاباد بۆ هاوکاری لە بنبڕکردنی تیرۆر چیتر هیچ هیوایەکی بە تاڵیبانی ئەفغانستانی نییە.”
ئاسف درانی، نوێنەری پێشووی پاکستان لە کاروباری ئەفغانستان، هەروەها تاڵیبان بە هەڕەشە دەزانێت و دەڵێت بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەم گرووپە هەر بەردەوامن و تاڵیبان لە هەر ساتێکدا ڕەنگە بە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ یان هاوکاریکردنی تیرۆر، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی ببنەوە.
هەرچەندە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە ئاگربەستێک بە نێوبژیوانیی قەتەر و تورکیا لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەبوو، بەڵام ئەم هێرشانە نیشانەی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستانن. گفتوگۆی ئاسایشیی نێوان پاکستان و ئێران هەروەها تیشک دەخاتە سەر گرژییەکانی ناوچەکە، بە تایبەت لە کاتێکدا کە پەیوەندییەکانی پاکستان لەگەڵ ئەفغانستان پڕلە گرژین.

هەواڵی پەیوەندیدار

روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

یاسین

باكووری كوردستان.. سێ سه‌رۆك شاره‌وانی لادران و قه‌یووم له‌ شوێنه‌كانیان دانرا

سەڵاح

ئەنچیلۆتی: کێشەی ئێمە مباپێ نییە

یاسین